رووداو - سلێمانی
بەشێک لە خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە سلێمانی گردبوونەوە، نزیکەی دوو هەفتەیە ناتوانن هێلکە بۆ شارەکانی عێراق بنێرن و داوای چارەسەرکردنی گرفتەکەیان دەکەن.
خاوەن پڕۆژەکان نزیکەی 30 هەزار کارتۆن هێلکە لە کۆگاکانیان هەڵگیراون و چاوەڕێن رێگەیان بۆ بکرێتەوە، ئەگەرنا هێلکەکانیان خراپ دەبن.
ئەرسەلان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی هێلکە دەڵێت، "مۆڵەتەکانمان بۆ ماوەی سێ تاوەکو شەش مانگ نوێدەکرێتەوە، داواکارین بۆمان بکرێتە مۆڵەتی یەک ساڵی، بۆئەوەی هەموو سێ مانگ جارێک تووشی ئەم کێشەیە نەبین."
هۆکاری ئەم کێشەیە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقە، دەبوو مانگی پێشوو لیژنەیەکی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی پڕۆژەکان بناردایە، بەڵام دوایخست تاوەکو ئەمڕۆ کە لیژنەیەکی ناردووەتە سلێمانی، ئەمیش دیارنییە کەی وەڵامی خاوەن پڕۆژەکان دەداتەوە.
ئاکۆ محەممەد، نوێنەری خاوەن پڕۆژەکان ئاماژەی بەوە کرد، "چارەسەری کێشەکانمان بەتەواوی ناکەن، چونکە لیژنەکە دەگەڕێنەوە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و دواتر بڕیار دەدەن، ئێمەش لە هەوڵی خۆمان بەردەوام دەبین، بۆئەوەی بە یەکجاری کێشەکەمان چارەسەر ببێت."
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی دەڵێت، دەبوو هەموو عێراق بۆ سامانی ئاژەڵ یەک بازاڕ بێت، بەڵام ماوە ماوە کێشە بۆ هەناردەی هێلکە و مریشک و ماسیش دروستدەکەن.
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی رایگەیاند، "هەموو ساڵێک وەفدی حکومەتی عێراق دێن بۆئەوەی پڕۆژەکان ببینن، تاوەکو بزانن بەرهەمەکان بەرهەمی ناوخۆن و قاچاخ نین، بەڵام جاری وا هەیە کێشەکان چارەسەر نابن، ئێمەش کێشەمان نییە لیژنەکانیان بێن، بەڵام هیوادارین کە لیژنەکە هاتوون، چارەسەری کێشەکە بکەن."
سلێمانی 13 پڕۆژەی هەیە و پێنجیان مۆڵەتی هەناردەی هێلکەی هەیە، رۆژانە نزیکەی 5000 کارتۆن هێلکە بەرهەمدەهێنن، کە 3000ی لە ناوخۆی سلێمانی و دەوروبەری دەفرۆشرێت، 2000ەکەی دیکەی دەبرێتە شارەکانی دیکەی عێراق، ئەگەر ئەمانیش وەرینەگرن ئەو بڕە خەسار دەبێت، یان دەبێت بڕی بەرهەم کەم بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ