رۆژنامەڤانێک لە قامشلۆوە: خۆپێشاندانەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر بەرزکردنەوەی ورەی خەڵکی رۆژئاوا هەبووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
خۆپێشاندانی دانیشتووانی هەولێر بۆ پاڵپشتیی لە رۆژئاوای کوردستان
خۆپێشاندانی دانیشتووانی هەولێر بۆ پاڵپشتیی لە رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەڤان محەممەد رەئووف، کە بۆ رووماڵکردنی رووداوەکان لە رۆژئاوای کوردستانە، رایگەیاند، دۆخی نێو شاری قامشلۆ ئارامە و خەڵک بۆ پارێزگاری لە شارەکەیان چەکیان هەڵگرتووە.
 
محەممەد رەئووف لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات لە شاری قامشلۆوە باسی لە دۆخی شارەکە کرد و گوتی: "دوێنێ لە دەروازەی پێشابوورەوە گەیشتینە رۆژئاوای کوردستان، بە درێژایی رێگەکە لە دێرکەوە تاوەکو دەگاتە قامشلۆ، خەڵکی گوندەکان هاوشێوەی سەردەمی ئەنفال و بۆ بەرگری لە خۆیان چەکیان هەڵگرتووە".
 
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی قامشلۆ، ئەو رۆژنامەڤانە ئاماژەی بەوەدا کە شارەکە ئارامە، هەرچەندە دوێنێ دوو درۆن هێرشیان کردووەتە سەر شارەکە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە "ئامانجی ئەو هێرشانە دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامییە لەنێو دانیشتووان".
 
محەممەد رەئووف رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئاسایش بە تەواوی کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە و هیچ پاشەکشەیەک لە ناوچە کوردنشینەکان نییە؛ گوتیشی: "ئەم ناوچانە خاکی کوردن، بۆیە هێزە کوردییەکان و خەڵکەکەش بەرگرییەکی سەخت دەکەن و ورەیان بەرزە".
 
سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری، ئەو رۆژنامەڤانە رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانکردنی وێستگەکانی کارەبا لەلایەن تورکیاوە، ساڵێکە کارەبا نییە و خەڵک تەنیا پشت بە مۆلیدە دەبەستن؛ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی ناوچەکە بەدەست هەژاری و سەرماوە دەناڵێنن و پێویستییان بە هاوکاریی رێکخراوەیی و نێودەوڵەتییە.
 
محەممەد رەئووف باسی لەو پێشوازییە گەرمە کرد کە خەڵکی رۆژئاوا لە شاند و خەڵکی باشووری کوردستانی دەکەن و گوتی: "هەرکەسێک بڵێت لە باشووری کوردستانەوە هاتووم، جا هەولێر بێت یان سلێمانی یان دهۆک، خەڵکەکە باوەشی بۆ دەکەنەوە".
 
گوتیشی: "شەوی رابردوو نزیکەی 150 رۆژنامەنووس و چالاکوان و پەرلەمانتار لە سلێمانییەوە گەیشتنە قامشلۆ بۆ دەربڕینی پشتیوانی".
 
بە گوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، خۆپێشاندان و گردبوونەوەکانی شارەکانی باشووری کوردستان و تاراوگە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرزکردنەوەی ورەی خەڵکی رۆژئاوا هەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

توڵای هاتیمئۆغوڵاری و کەسکین بایندیر

هاوسەرۆکانی دەم پارتی و دەبەپە سەردانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن

هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانتاران و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن