کۆمەڵە: لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر زڕگوێزەڵە پێشمەرگەیەکمان شەهید بوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، کەمپێکیان لە ناوچەی زڕگوێزەڵەی پارێزگای سلێمانی کراوەتە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەکیان گیانی لەدەستداوە و  یەکێکی دیکەش بریندارە.
 
شەوی شەممە (07-03-2026)، سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بۆ چەندەمین جار لە چەند رۆژی رابردوودا، یەکێک لە کەمپەکانمان لە زڕگوێزەڵە کرایەوە ئامانجی چەند مووشەکێک."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆمەڵە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا پێشمەرگەیەک بە ناوی "ئیسماعیل رەحیمی" ناسراو بە (ئاکۆ) کە خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، شەهید بووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە پێشمەرگەیەکی دیکەیان بریندار بووە، بەڵام "تەندروستی تەندروستیی جێگیرە."
 
کۆمەڵە لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو پێشمەرگەیە و خەڵکی سەقز دەکات و دەڵێت، دوای ئەو هێرشە مووشەکییەش "هێرشی دیکە بەردەوام بووە، بەڵام هیچ زیانێکی دیکەی لێ نەکەوتووەتەوە."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسییان بەرامبەر بە هێرشەکە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت: "ئەمە دوایین پەلەقاژەکانی کۆماری ئیسلامییە و لە ترس و لاوازییەوە سەرچاوە دەگرێت، ورە و ئیرادەی کۆمەڵە و کوردستان بەم هێرشە تیرۆریستییانە نزم نابێتەوە."
 
لە 28ی شوباتەوە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. لەو کاتەوە بارەگا و کەمپەکانی پەنابەرانی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەڕووی چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکی بوونەتەوە، بەو هۆیەوە دوو پێشمەرگە گیانیان لە دەستداوە و چەند پێشمەرگەیەکیش بریندار بوونە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە