رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجە بکات و بەردی بناخەی پڕۆژەی پردی تووەقوت دابنێت.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی سەرۆکوەزیران جگە لە دانانی بەردی بناخەی پردی تووەقوت، پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجە رادەگەیێنێت و فراوانبوونی کارگەی رۆنی راسانیش بەسەر دەکاتەوە.
پەیام سەیوان، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی خۆراکیی راسان، بۆ سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە قسەی کرد و گوتی، ئەوان سەرقاڵی گەورەکردنی کۆمەڵگەکەیانن و تێیدا جووتیاران و 250 هاونیشتمانی سنوورەکە سوودی لێ دەبینن.
گوتیشی، سەرۆکوەزیران لە نزیکەوە بەسەریان دەکاتەوە و دەیەوێت بزانێت لەو ناوچەیە کەرتی تایبەت لە چ ئاستێکدایە و گوێش لە داواکارییەکانیان دەگرێت.
پردی تووەقوت پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ شەممەی رابردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبکردنی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی پڕۆژەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاندبوو، لە 2022ـەوە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بوون بۆ دانانی بەردی بناخە.
پردی تووەقوت لە 2008 نەخشە و دیزاینی بۆ کراوە و بودجەشی بۆ تەرخانکرا، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێکردن.
پڕۆژەکە بەپێی رێنمایی ژمارە (2)ـی ساڵی 2016 خراوە پرۆسەی تەندەرینەوە و دراویە کۆمپانیایەکی نێوخۆیی؛ لە 01-07-2019 دووبارە بودجە بۆ پردەکە تەرخانکرا، لە 2021 جارێکی دیکە بودجەی بۆ تەرخانکرا و لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ درایە دوو کۆمپانیا و بڕیار بوو بە دوو ساڵ پڕۆژەکە تەواو بکرێت.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە شەممەی رابردوو بە رووداوی گوتبوو، "مانگی 10 و 11ـی پار تیمی پرۆتۆکۆڵی ئەنجوومەنی وەزیران کۆمپانیایەکیان راسپاردبوو بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ هاتنی بەرپرسانی حکومەت بۆ سنوورەکە و راگەیاندنی بەردی بناخەی پڕۆژەکە، بەڵام هەردوو جار بەبێ روونکردنەوە، ئامێرەکانیان کۆکردەوە و پێیان گوتین، هاتنی سەرۆکی حکومەت دوادەکەوێت".
پردی تووەقوت نزیکەی 300 بۆ 350 مەترە و بودجەکەی 28 ملیار بوو، بەڵام کراوەتە 31 ملیار دینار، جگە لە پردەکە رێگەشی لەگەڵە کە 27 کیلۆمەترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ