رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان و تاوتوێکردنی شەش دۆسیە کۆدەبێتەوە کە چواریان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
چوار دۆسییەکە پێکدێن لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دوو بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵوەشاوە لەبارەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەوانەش زەوییەکانی داقووق.
یەکێک لە سکاڵاکان لە لایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە. سکاڵاکاران سکاڵایان لەسەر مادەکانی (1، 9، 15، 22 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکە کە تاوەکو ئێستا چەند دانیشتنێکی لەبارەوە کراوە؛ دوایینیان لە 18ـی شوباتی 2024 بوو. سکاڵاکە پەیوەندی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
وەعد مزوری، راوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری کۆتایی دەدات. هەموو رێکارە یاساییەکان تەواو بوون. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وەڵامی پرسیارەکانی دادگەکەی داوەتەوە".
بەپێی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، سکاڵاکە یەکێکە لەو هۆکارانەی رێکارەکانی ئەوانی بۆ هەڵبژاردن راگرتووە و خشتەی کارەکانیشی دواخستووە.
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بەپێی ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، هەروەها بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بە گوێرەی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30% کەمتر نەبێت.
مادەی 36: یەکەم، پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت. بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
دووەم، پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
سێیەم، یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
چی روویدا؟
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لە کاتێکدا 6-11-2022، تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات، بەڵام رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا.
هەر ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەکی دیکە دەکات لەسەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمارکراوە و پەیوەندیی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و لەبارەی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و پابەندکردنی هەردوو سەرۆکوەزیران بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی.
دوایین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەم کەیسە رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2024 بوو.
سکاڵاکارانی ئەو دۆسیە بریتین لە عەدالەت رەحیم محەممەد، بوخاری جەمیل عەلی و حەیدەر محەممەد عوسمان داوادەکەن دادگای فیدراڵی فەرمانێکی وەلائی دەربکات بۆ خەرجکردن و ناردنی شایستەی دارایی و شایستەکانی دیکە فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ماون بۆ مانگەکانی تەمموز و ئابی 2023.
هەروەها سکاڵای سێیەم و چوارەمیان پەیوەستە بە دوو بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵوەشاوە کە بریتین لە بڕیاری ژمارە 949ی ساڵی 1977 لەبارەی مافی مامەڵەکردن بە چەند پارچە زەوییەکەوە، هەروەها بڕیاری ژمارە 824ی 16-08-1976 لەبارەی زەوییەکانی داقووق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ