مەسرور بارزانی: پێویستە دامەزراوەکانی حکومەت گرنگییەکی زۆر بە زمانی کوردی بدەن

21-02-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە رۆژی زمانی دایکدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێویستە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا رۆشنبیری، زانستی و ئەكادیمییەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆر بە زمانی کوردی بدەن. 
 
ماوەی 25 ساڵە، 21ـی شوباتی هەموو ساڵێک وەکو رۆژی زمانی دایک دیاریکراوە. 
 
ئێستا نزیکەی 40٪ـی خەڵکی جیهان دەرفەتی ئەوەیان نییە بە زمانی دایک بخوێنن یان بنووسن کە باکووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکن لەو رێژەیە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ئەو رۆژەوە نووسیویەتی: "رۆژی جیهانیی زمانی دایک لە سەرجەم کوردستانییان پیرۆز دەکەم. زمانی کوردی زمانی سەرەکی و فەرمی هەرێمی کوردستانە و بەپێی دەستووری عێراقیش، یەکێک لە دوو زمانە فەرمییەکەی عێراق، بۆیە پەرەپێدانی زمانی کوردی ئەرکی هەموو کوردستانییەکە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوتووە کە پێویستە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا رۆشنبیری، زانستی و ئەكادیمییەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆر بە زمانی کوردی بدەن، "چونکە زمانەکەمان بنەمایەکی گرنگ و سەرەکیی بوون و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیمانە."
 
مێژووی زمانی دایک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952و پاش سەربەخۆیی هیندستان لە ساڵی 1946. دوای ئەوەی پاکستان لە هیندستان جیابووەوە کە ئەو کاتە ویلایەتی بەنگلادیش بەشێکی لکێنراوبوو بە پاکستانەوە. زمانی ئۆردوو زمانی فەرمی هەردوو بەشی روژهەڵات و رۆژئاوای پاکستان بوو. بەشی رۆژهەڵاتی ئەو کاتی پاکستان بەنگالی بوون و ناچارکرا بوون کە زمانی ئوردوو بەکار بێنن لە هەموو بوارەکانی ژیانیاندا.
 
ساڵی 1952 ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی یەکزمانی ناڕەزاییان دەربڕی، 11 کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران و، ساڵی 1956 دەوڵەت بەناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.
 
رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1999 رۆژی 21ـی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی زمانی دایک ناساند و، ئەو رۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایک دیاریکرا.
 
ساڵی 2000 بۆ یەکەم جار یادی ئەم رۆژە مێژوویی و جیھانییە کرایەوە. یۆنسکۆ ھۆکاری ھەڵبژاردنی رۆژێکی جیھانی بۆ زمانی دایک، بۆ ھاوکاریکردنی فرەچەشنی و فرەڕەنگی زمان و کولتوورەکان گەڕاندەوە.
 
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە حکومەت پابەندبوونی خۆی بە گرنگیدان بە زمانی هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستانیش دووپات دەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.