سەرۆک بارزانی بۆ هاونیشتمانییان لە جیهان: یەکڕیز بن و پشتیوانی یەکدی بن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پەیامی سەرۆک بارزانی لە ئاهەنگی نەورۆز لە بۆن-ی ئەڵمانیا پێشکێشکرا؛ سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "نەورۆز بۆ کوردستانیان نیشانەی ژیانەوە و ئازادییە، نیشانەی هەڵاتنی رۆژێکی نوێیە."
 
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ڤیدیۆی بوو؛ لە بەشێکی رایگەیاند: "نەورۆز پەیامە بۆ هەموو گەلی جیهان کە کورد خاوەن ئیرادەیە."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی گوتیشی: "کورد لە هەرجێیەک بێت، یەک پەیامی سەرەکی هەموومان کۆدەکاتەوە، ئەویش ناسنامەی کوردایەتی و ویستی ئازادییە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی گوتی: "داوا دەکەم لە هەرجێیەکن یەکڕیزیی لەنێوان یەکدی بپارێزن و با ببینە پشتیوانی یەکدی."
 
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێ: "داواتان لێدەکەم لە هەموو کاتێکدا یەک دەنگی و یەک ریزی خۆتان بپارێزن ، چونکە لە سەردەمێکدا دەژین هەموو جیهان چاوی لەسەر کوردە".
 
ئەوەشی دووپاتکردەوە، ئەگەر کورد یەک بێت ئەوا جیهانیش پشتیوانی کورد دەکات.
 
لەبارەی کوردانی تاراوگەوە، سەرۆک بارزانی گوتی: "منداڵەکانتان لە زمان و کولتووری کوردی دانەبڕن، هەر کوردێک لە دەرەوەی کوردستان دەژی، با وەکو باڵیۆزی کورد بژی نموونەی شارستانیەت و بەهای بڵندی خۆی بێت و رێز لە یاساکانی ئەو وڵاتانە بگرن کە ماوەیەکی زۆرە وەکو بەناگەیەک تێدا دەژین".
 
لە پەیامێکیشدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەرۆک بارزانی نووسیویەتی: "گردبوونەوە گەورەکەی کوردستانیان لە شاری (بۆن)ـی ئەڵمانیا بە بۆنەی نەورۆزی جەژنی نەتەوەییەوە پەیامێکی روونە بۆ هەموو ئەوانەی پێیەوە پەیوەستن".

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە ئاهەنگی نەورۆز لە بۆن-ی ئەڵمانیا

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

خوشک و برایانی خۆشەویست، ئامادەبووانی بەڕێز، کوردستانییانی ئازیز.
بەخێر بێن بۆ ئەم کۆبوونەوە جەماوەرییەی جەژنی نەتەوەیی، جەژنی نەورۆز.

بە دڵ دەمویست لەگەڵ ئێوەی ئازیزدا بەشدار بم لەم مەراسیمە پڕ جۆش و خرۆشە، بەڵام لەبەر دۆخ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بە داوای لێبووردنەوە نەمتوانی لەگەڵتان بەشدار بم. دەمەوێت لە دڵەوە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە ئێوە و هەموو کوردستانییانی ئازیز لە کوردستان، ئەورووپا، ئەمریکا و هەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە بکەم کە کوردستانییان تێیدا دەژین.

نەورۆز تەنیا هاتنی وەرزێک و نوێبوونەوەی سرووشت و رێککەوتێک نییە، بەڵکو نەورۆز بۆ کوردستانییان نیشانەی ژیانەوە و ئازادییە. نیشانەی دەستپێکێکی تازە و هەستانەوەیەکی نوێ، هیوا و هەڵاتنی رۆژێکی تازەیە. نەورۆز هیوای گەلێکە کە هیچ کاتێک بۆ ماف و ئازادیی خۆی، دەست لە خەبات و بەرخودان هەڵناگرێت. ئاگری نەورۆز 2700 ساڵە لە دڵی هەر کوردستانییەکدایە. ئەوە پەیامێکە بۆ هەموو جیهان کە ئەم گەلە خاوەن ئیرادەی خۆیەتی و هیچ بەربەست و ستەمکارێک ناتوانێت ئەو ئیرادەیە رابگرێت.

نەورۆز ئاگرێکە بۆ ئازادی و بڕوا بەخۆبوون و خۆنەچەماندن لە دڵی تاک بە تاکی کوردستانییاندا. 

کوردستانییانی هێژا و خۆشەویست، ئێمەی کورد لە هەر شوێنێک بین، لە کوردستان یان لە ئەورووپا یان ئەمریکا یان هەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە، یەک پەیامی سەرەکی هەموومان پێکەوە کۆدەکاتەوە، ئەویش ناسنامەی کوردایەتی و ویستی ئازادییە.

زۆر دڵخۆشم کە ئێستا لە شاری بۆنی ئەڵمانیا ئەم ژمارە زۆرەی هاووڵاتییانی کورد دەبینم، کە ئەمە خۆی نیشانەی یەکڕیزی و هاودەنگیی کوردانە. نیشانەی ئەوەیە کە کورد لە هەر شوێنێک بێت، دەتوانێت بە یەک دڵ و یەک دەنگ بۆ ماف و ناسنامەی خۆی شانبەشانی یەکدی بووەستێت. ئەوەش رێگەی دروست و رێگەی رزگاربوونە. داواتان لێ دەکەم لە هەموو کاتێکدا ئەم یەکڕیزی و هاودەنگییەی خۆتان بپارێزن.

ئێستا ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو جیهان چاوی لەسەر کوردە. ئەگەر ئێمە خۆمان هەبین و یەکڕیز و پشت و پەنای یەک بین، دڵنیا بن جیهانیش دۆست و هاوکار و پشتیوانی ئێمە دەبێت. وڵاتانی ئەورووپا بوونەتە ماڵی دووەمی ژمارەیەکی زۆری کوردی هەر چوار پارچە، بەڵام دڵنیام دڵی هەمووتان لای خاک و نیشتمان و وڵاتە. داواتان لێ دەکەم منداڵەکانتان لە زمان و کولتووری کوردی دانەبڕێنن. هەر کوردێکیش کە لە دەرەوەی کوردستان دەژی، پێویستە باڵیۆزێکی شایستەی نەتەوەکەی بێت و نموونەی رەفتاری شارستانی و بەها بەرزەکانی گەلەکەی بێت. هەروەها رێز لە یاسای ئەو وڵاتانە بگرن کە ساڵانێکە تێیدا دەژین و بۆ ئێوە وەک پەناگەیەک بوون.

کوردستانییانی خۆشەویست، خوشک و برایانی ئازیز. جێگەی خۆشحاڵییە کە رۆژئاوای کوردستان لە کارەسات و نەهامەتییەکان پارێزرا. هیوادارم رێز لە ماف و داواکارییەکانی گەلی کورد لە سووریا بگیرێت. هەروەها پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەین و هیوادارین بگاتە ئەنجامێکی باش کە لە خزمەت هەموو لایەکدا بێت.

لەم سەردەمەی ئێستادا کە جیهان پڕە لە گۆڕانکاریی گەورە و بەداخەوە ناوچەکەمان بە جەنگ و ئاڵۆزییەکاندا تێدەپەڕێت، جیهان بە گشتی پێویستی بە ئاشتی و سەقامگیرییە. پەیامی گەلی کوردستان هەمیشە پەیامی ئاشتی و ئارامی بووە. هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بووە گەلی کوردستان نەبێتە بەشێک لەم کێشە و ململانێیانە. هیوادارم خوشک و برایانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها هەرێمی کوردستان لە جەنگ و ئاڵۆزی و ناخۆشییەکانی ناوچەکە پارێزراو بن.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزتان لێ دەکەم و هیوای خۆشی و ساڵێکی بەختەوەر و شادیتان بۆ دەخوازم. لێرەدا داواتان لێ دەکەم وەک خوشک و برا پشت و پەنای یەک بن و بەها و پرەنسیپە نەتەوەییەکان بخەنە سەروو هەموو بەرژەوەندی و فیکر و ئایدیۆلۆژیایەک. هەموومان لە کوردستان ئومێد و هیوایەکی زۆرمان بە هێز و تواناکانتان و کاریگەریی رەوەندی کوردی و کوردانی دەرەوەی کوردستان هەیە بۆ بەهێزکردن و ناساندنی دۆزی رەوای گەلی کوردستان بە جیهان.

نەورۆز و ساڵێکی خۆش بۆ ئێوە. من ئومێدێکی زۆرم بە پاشەڕۆژی گەلی کوردستان هەیە و سەرکەوتنیش هەر بۆ گەلەکەمانە. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگەی ئازادی لە هەر شوێنێک بن. بە پێویستی دەزانم سوپاسی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بکەم بۆ ئەم زەحمەتەی کێشاویانە. نەورۆزتان پیرۆز و بمێنن لە خێر و خۆشیدا.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئۆجەلان لە ئامەد

پەیامی ئۆجەلان لە نەورۆزی ئامەد: دەرفەتێک هەیە کولتوور و باوەڕەکان بتوانن پێکەوە بژین

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکیدا کە لە نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە رایگەیاند، دەرفەتێک لە ناوچەکەدا هەیە "کولتوور و باوەڕەکان جارێکی دیکە بتوانن پێکەوە بژین؛" ئاماژەی بەوەشکرد کە "لە دەست ئێمەدایە ژینگەی شەڕ و ئاژاوەگێڕیی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست دەبێت، بگۆڕین بۆ باخچەیەکی ئازادیی بۆ هەموو گەلان".