رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەگەر لەنێو پەرلەمانی عێراق دا لۆبی نەکرێت، پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەنگ ناهێنێت. نوێنەرێکی دیکەی کورد دەڵێت، "سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پێی گوتین، هەڵەبجەمان بە پارێزگا داناوە."
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 21ی نیسانی 2024 بە رووداوی گوت، "ئەگەر لۆبی بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەکرێت، پرۆژەکە لەنێو پەرلەمانی عێراق دەنگ ناهێنێت، ئەوکات تووشی گرفتی گەورە دەبینەوە."
بە گوتەی چرۆ حەمەشەریف، بۆئەوەی زەمینەسازیی پێویست بڕەخسێت، دەبێت نوێنەرانی کورد هەڵمەتێک دەستپێبکەن و بچنەلای سەرجەم فراکسیۆنەکان بۆئەوەی دەنگ بە پرۆژەیاساکە بدەن، بەڵام د. موسەننا ئەمین، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، بە دووری زانی پرۆژەکە لە پەرلەمان دەنگ نەهێنێت و گوتی، "ئەگەر دەنگ نەهێنێت، پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەبەین و سکاڵا تۆمار دەکەین."
هەفتەی رابردوو فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆبوونەوە. د. موسەننا ئەمین، کە پەرلەمانتاری ئەو فراکسیۆنەیە دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵەبجەمان کرد، سەرۆکی دادگە گوتی، لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا هەڵەبجەمان کردووەتە بازنەیەکی سەربەخۆ، ئەوەش مانای وایە وەکو پارێزگامان داناوە و مامەڵەمان لەگەڵ کردووە."
ئەو پەرلەمانتارە نەیشاردەوە، "هەندێک پەرلەمانتاری شیعە و سوننە لە دژی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەن، بەڵام زۆر نین؛ ئاراستە گشتییەکە لاریی لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە نییە."
بە گوتەی د. موسەننا ئەمین، ئەوەی گرفتی سەرەکییە لە دەنگدان بەو پرۆژەیاسایە، هەڵنەبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانە. بەهۆیەوە سوننەکان ئامادەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نابن و رێژەی یاسایی ئامادەبوون بە ئەستەم تەواو دەبێت، ئەگەرنا پرۆژەیاساکە پێویستی بە پەنجا کۆ یەکی دەنگی ئامادەبووانە.
پەرلەمانی عێراق 329 ئەندامە، رێژەی یاسایی ئامادەبوون 166 پەرلەمانتارە.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت.
پرۆژەکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدانی ماوە؛ بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنە شیعە و سوونەکان پرسەکە دواخرا.
مەرجی شیعەکان بۆ دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بە پارێزگاکردنی تەلەعفەرە، بەو جۆرەش تەلەعفەر دەبێتە پارێزگایەکی زۆرینە شیعە، لە بەرامبەر پارێزگای نەینەوا، لەهەمان کاتدا سوننەکانیش دەیانەوێت فەللووجە بکەنە پارێزگا.
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ئەوکاتیش ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ