رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتنامە و رێککەوتنەکانیان لە شاری سنە گوتی، "ئەو یاداشتنامە و رێککەوتنانەی واژۆیان دەکەین، لە بەرژەوەندیی هەردوولاماندان و سەرنجیشمان خستووەتە سەر لایەنی کولتووری و فەرهەنگی."
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە بەختیار قادر، نێردراوی رووداوی گوت، "چەندین کۆبوونەوەی چڕ و پڕمان هەبوون. وەکو هەڵەبجە دوو دەروازەی سنووریمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. چەند خاڵێکمان سەبارەت بەو دەروازانە نووسیوە و لە یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان واژۆیان دەکەین. سەرنجی زۆریشمان لەسەر هاوئاهەنگی کولتووری و فەرهەنگی، لەگەڵ ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی تایبەت بە چارەسەری پزیشکی بۆ هاونیشتمانییانە."
پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەورامانی ئەمدیو و ئەودیومان هەیە، هەورامانی دیوی رۆژهەڵات ناوی لە یونسکۆدایە و دەمانەوێت هەورامانی سنووری هەڵەبجەش ناوی بخەینە لیستی یونسکۆوە."
وەکو نوخشە ناسیح دەڵێت، "ئەو یاداشتنامانەی واژۆیان دەکەین، دەستکەوتی باش دەبن بۆ هەردوولامان و بەرژەوەندی هەمووانی تێدایە."
دوێنێ سێشەممە، هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە شاری سنە و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ