12 یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان واژۆکران

21-05-2025
سینا سۆما
  کۆنگرەی رۆژانامەڤانی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆنگرەی رۆژانامەڤانی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دووەمین رۆژی سێیەمین گەڕی کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارەکانی سنە، ورمێ و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 4 پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، 12 یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی بازرگانی، گەشتیاری، زانستی و کولتووری واژۆکران.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە هاوبەشەکە لە شاری سنە، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "دوای چەندین کۆبوونەوە و دیدار لەنێوان پارێزگارەکانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و هەولێر بە ئامادەبوونی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران-تەمەرچین، ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆکران."
 
ئۆمێد خۆشناو جەختی لە پەیوەندیی قووڵ و مێژوویی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "هیوادارین ئەم رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە ببنە نەخشەرێگایەک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە هەموو رەهەندەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی، سنووری، ئەمنی و کولتووری لەخۆدەگرێت."
 
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "دڵخۆشین بەو بڕگە و بابەتانەی لە رێککەوتنەکاندا ئەنجامماندان و هیوادارین ببنە هەنگاوی دیکەی گرنگ لە داهاتوودا. لە رابردووشدا ئەزموونی سەرکەوتوومان هەبووە، ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان پارێزگارەکاندا هەبووە، بە قازانجی هاووڵاتییانی هەردوو وڵات بووە."
 
پارێزگاری هەولێر سوپاسی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگای سنەی کرد بۆ رێکخستن و میوانداریکردنی سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "بڕیارە کۆبوونەوەی چوارەمی پارێزگارەکان لە هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت."
 
بە گوتەی ئۆمێد خۆشناو، ئەمڕۆ کۆبوونەوە فەرمییەکانی نێوان هەردوولا دوای واژۆکردنی ئەو یاداشتانە تەواو دەبن؛ جەختیشی کردەوە کە "بەیانیش شاندەکەمان دەچێتە تاران و لەوێش بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەی گرنگمان دەبێت."
 
پارێزگاری هەولێر ئامادەیی پارێزگارانی هەرێمی کوردستانیشی پیشاندا بۆ هەر ئاسانکارییەک لە پەیوەندییەکان لەگەڵ سێ پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و گوتی: "ئێمە جەختی لێ دەکەینەوە و خوازیاریشین. ئەوەی لە تواناماندا بێت لە هەردوولایەنەوە ئاسانکاری زیاتر دەکەین بۆ قازانجی هاووڵاتییانمان، بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا و هیوادارین جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە تایبەت لە رێگەوبانەکان ببێتە هۆکاری زیاتر خزمەتگەیاندن بە بازرگانان."
 
پارێزگاری سنە: هیوادارین قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوانمان دەستپێبکات
 
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە سەرەتای قسەکانیدا سوپاسی ئامادەبوونی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان لە سێیەمین کۆبوونەوەی پارێزگاکان کرد، هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەکانی فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر و محەممەد مەحموودیان، سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی بۆ بەڕێوەچوون و سەرخستنی کۆبوونەوەکە لە شاری سنە کرد.
 
ئارەش لهۆنی رایگەیاند، بەهۆی سەردانی ساڵی رابردووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و دیداری لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دواتر سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوونی سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
 
ئارەش لهۆنی گوتی: "جیاوازییەک کە کۆبوونەوەی ئەم جارە هەیەتی ئەوەیە، ساڵی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداری لەگەڵ رێبەری مەزن هەبوو، کە دیدارێکی زۆر گرنگ و کاریگەر بوو. دواتر بەڕێز پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەولێری کرد. ئەمە رەوتێکی نوێی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە. لە چوارچێوەی ئەم رەوتە نوێیەی برەودان بە پەیوەندییەکان، ئەم کۆبوونەوەیە کە لە سنە کرا و ئەمڕۆ دووەمین رۆژی بەڕێوەچوونی بووە، پلانی بۆ دانرا."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری سنە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی بە پەیوەندییەکی قووڵ و مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند: "چەندین ساڵە پەیوەندی باشمان لەگەڵ یەکدی هەیە و هیوادارین دوای ئەم کۆبوونەوەیە، قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوانمان دەستپێبکات و پەیوەندییە مێژووییەکانمان بەهێزتر بن." 
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی رۆژی یەکەم، پارێزگاری سنە رایگەیاند، رۆژی سێشەممە، دوای گەیشتنی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوانیان بەڕێوەچوو کە دوو کاژێری خایاند، جەختیشی کردەوە، نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو و گۆتارێکی پێشکەش کرد.
 
ئارەش لهۆنی گوتی: "دواتر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەنێوان سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەردوولا، واتە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و سێ پارێزگا سنوورییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها بەرپرسە ئابوورییەکانی ئەو پارێزگایانە و کۆمەڵێک لە چالاکڤانانی ئابووری بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیە تایبەتەدا هەموو ئاستەنگەکان و رێکارەکانی برەودان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا بە شێوەیەکی ورد تاوتوێ کرا و پارێزگارەکان ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو."
 
ئارەش لهۆنی ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە کۆبوونەوە هاوبەشەکان، چەندین کۆبوونەوەی دووقووڵیش لەنێوان پارێزگارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون.
 
پارێزگاری سنە ئاماژەی بەوەشکرد، لە دووەمین رۆژی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە هاوبەشەکەدا چەندین لێکتێگەیشتن لەنێوان پارێزگارەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان واژۆکران.
 
ئارەش لهۆنی گوتی: "بە دڵنیاییەوە، بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگا سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان."
 
20ـی ئایاری 2025، شاندی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە شاری سنە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.