رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی وشکەساڵییەوە ئەم ساڵ 577 گوند لەو پارێزگایە رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 21ی ئایاری 2025 محەممەد محەممەدی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی ئیلام رایگەیاند، "بەهۆی کەشوهەوای گەرم و وشکەساڵییەوە، ساڵانێکە پارێزگای ئیلام رووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی بووەتەوە. کەمبوونەوەی بارانبارین، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما وایکردووە زۆرێک لە گوندەکانی ئەم پارێزگایە کێشەی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵیان هەبێت."
محەممەد محەممەدی گوتی، "ئەمەش نەوەک هەر کاریگەریی لەسەر کواڵتیی ژیانی دانیشتووانی گوندەکان هەبووە، بەڵکو بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و زیانگەیاندن بە ئاژەڵداری، تەنانەت بووەتە هۆی کۆچکردنی هەندێک خێزانیش. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دابینکردنی ئاو بۆ گوندەکانی ئیلام پێویستییەکی سەرەکییە."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی ئیلام دەشڵێت: "ئەم ساڵ 577 گوندی پارێزگاکە رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە و ئێستا بە تانكەر ئاوی خواردنەوە بۆ 44 گوند دابین دەکرێت. هەروەها بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی 100 گوندی دیکە، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئیلام و چەند کەسێکی خێرخوازدا واژۆ کراوە. بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، تێچووی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاوی ئەم گوندانە لەلایەن خێرخوازانەوە دابین دەکرێت."
بە گوتەی محەممەد محەممەدی، ئەم ساڵ هەروەها لەلایەن خێرخوازێکی دیکەوە ئاوی خواردنەوە بۆ 40 گوندی سەر بە پارێزگای ئیلام دابین کراوە و زیاتر لە پێنج هەزار و 500 کەسیش لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە سوودمەند بوون.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ئیلام جەختی لەوەش کردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات کێشەی کەمئاوی گوندەکانی دیکەش، بەتایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەکان چارەسەر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ