ئێران دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی لە سێدارە دا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتی دادی ئێران، دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە دا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران (میزان)، لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کوردی بەناوەکانی رامین زلە و کەریم مەعروف پوور بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی میزان، ئەو بەندکراوانە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە "گرووپە جوداخوازەکان" (مەبەستی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە) لە سێدارە دراون.
 
ئاژانسی هەواڵی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت: "پاش تێپەڕاندنی قۆناخە یاساییەکان لەلایەن دیوانی باڵای وڵات، سزای لەسێدارەدان بۆ رامین زلە و کەریم مەعروف پوور دەرچووە."
 
بە گوێرەی ئاژانسی دەسەڵاتی دادی ئێران، سزای ئەو دوو کەسە ئەم بەیانییە جێبەجێکراوە، بەڵام ئاماژە بە شوێنەکەی نەکراوە.
 
رامین زلە، کوردە و خەڵکی نەغەدەیە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگەی شۆڕشی مهاباد بەتۆمەتی ''بەغی" لە رێگەی" ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە.
 
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رۆژی شەممە 6-12-2025 رامین زلە بە فەرمی لە سزاکەی ئاگادار کراوەتەوە.
 
کەریم مەعروف پوور، ئەویش کوردە و تەمەنی 29 ساڵە و خەڵکی نەغەدەیە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مهاباد بە تۆمەتی ''بەغی" لە رێگەی " ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" سزای لە سیدارەدانی بۆ دەرچووە.
 
کەریم مەعروف پوور، 23-3-2021 لە سەردەست دەستبەسەر کراوە، رۆژی 6-12-2025 بە فەرمی لە سزاکەی ئاگادار کراوەتەوە.
 
لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، لانیکەم 27 کەس لە ئێران بە "تاوان"ی پەیوەندیدار بە ''بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا'' لە سێدارەدراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە