855 جار هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان؛ 75یان دوای ئاگربەست بوون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، بەڵام بۆردوومانەکان دژی هەرێمی کوردستان هەر ماون، بە جۆرێک لە دوای ئاگربەستەکەوە هەرێمی کوردستان بە 75 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستیپێکی جەنگەوە تاوەکو ئێستا، هەرێمی کوردستان بە 855 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، بەهۆیانەوە 20 کەس شەهید بوون و 128 کەسیش بریندار بوون. تەنیا ئەم مانگی ئایار بە 25 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لەو ژمارەیە 18 درۆن و مووشەک ئاراستەی سنووری پارێزگای هەولێر و حەوتەکەی دیکە ئاراستەی پارێزگای سلێمانی بوون.
 
نوێترین هێرشەکان کە مانگی ئایار دژی هەرێمی کوردستان کراون
 
- شەوی چوارشەممە، 20ـی ئایار، سێ جار بە درۆن هێرش کراویە سەر کەمپی باشیکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران. بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت، زیانی گیانییان نەبووە.
 
- شەوی 20ـی ئایار، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی جێژنیکان لە سنووری پارێزگای هەولێر.
 
- شەوی 20ـی ئایار، کەمپی زرگوێزەڵە کە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە بە دوو درۆن کرایە ئامانج.
 
- شەوی دووشەممە 18ـی ئایار، بە دوو مووشەک و سێ درۆن، هێرشکرایە سەر کەمپی پەنابەران لە سوورداش لە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی. بەرپرسێكی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە رووداوی گوت: "دوو کەس بە سووکی بریندار بوون".
 
- هەینی 15ـی ئادار، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی جێژنیکان لە پارێزگای هەولێر.
 
- 10ـی ئایار، بارەگای حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە پارێزگای هەولێر بە سێ مووشەک هێرشی کرایە سەر.
 
- 8ـی ئایار بە مووشەکێک کەمپی جێژنیکان لە پارێزگای هەولێر هێرشی کرایە سەر.
 
- 6ـی ئایار بە چوار مووشەک بارەگای یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری بالیسان لە پارێزگای هەولێر هێرشی کرایە سەر.
 
- 6ـی ئایار بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری سلێمانی.
 
- 6ـی ئایار بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی گردەچاڵ لە نزیک هەولێر.
 
- 2ـی ئایار بە درۆنێک هێرش کرایە سەر سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
 
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
 
- پارێزگای هەولێر: 580 هیرش
- پارێزگاکانی سلێمانی: 244 هێرش
- پارێزگای دهۆک؛ بە 29 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: دوو هێرش
 
شەهید و بریندار لە ئەنجامی هێرشەکاندا 

 

ئەوانەی شەهید بوون، حەوتیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دووانیان هاوژینی یەک بوون و لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ هەشتیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و یەکێکیشیان کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەوی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا بوو لە هەولێر.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بریندارەکان بریتین لە 29ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
 
‎هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و ‎بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە