رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، شەشەمین و گەورەترین کاروانی ئاوارەکانی عەفرین کە لە 1500 خێزان پێکهاتووە، لە هەرێمی جزیرەوە بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکەوت، ئەم کاروانە زۆرترین ژمارەی ئاوارەکان لەخۆدەگرێت تاوەکو ئێستا لە شارەکانی قامشلۆ و دێرکەوە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
مەحموود خەلیل، جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە بە ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداوی گوت، "ئەمڕۆ ژمارەی ئەو خێزانانەی بەڕێکەوتوون لەنێوان 1300 بۆ 1500 ماڵباتن، ژمارەیەک خێزانی دیکەش ماون هەوڵدەدەین لە کاروانەکانی داهاتوودا بیانگوازینەوە، دوای جەژن دەست بە ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی کاروانی نوێ دەکەین."
گەڕانەوەی ئەم ئاوارانە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا دێت لە 29ـی کانوونی دووەمی 2026 لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا واژۆ کراوە، پێشتر ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە بە رووداوی راگەیاندبوو سەرجەم ئامادەکارییە لۆجستییەکان تەواو کراون تاوەکو ئەو خێزانانە بە سەلامەتی بچنەوە گوند و شارۆچکەکانی خۆیان لە عەفرین.
جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاندبوو، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی پێش جەژنی قوربان، دەرفەتێکی دیکە بۆ گەڕانەوەی خەڵک بڕەخسێنرێت و دەڵێت: "ئێستا لە گفتوگۆداین و بەڵێنمان داوە بەر لە جەژن جارێکی دیکە دەرفەت بدەین تاوەکو خەڵک بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان."
مەحموود خەلیل: دوای لابردنی مین، ئاوارەکانی سەرێ کانیش دەگەڕێنەوە
مەحموود خەلیل باسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانییش دەکات بۆ ناوچەکانیان و دەڵێت: "ئێستا لیژنەیەک خەریکی ئامادەکارییە، بەڵام ئاستەنگی ئاسایشی هەن، دۆخی سەرێ کانی کەمێک لە عەفرین جیاوازترە؛ لەوێ پرسی گرووپە چەکدارەکان و سەروەریی حکومەت هەیە دەبێت چارەسەر بکرێن."
بەگوتەی فەرماندەکەی ئاسایشی ناوخۆ، یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان، بوونی مینی چێنراوە. مەحموود خەلیل دەڵێت: "لەسەر سنوور مینێکی زۆر چێنراون، ئێستا تیمە تایبەتەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی ئەو مینانەن. دوای ئەوەی لە ئاسایشی ناوچەکە دڵنیا بووینەوە، هەوڵ دەدەین ئاوارەکانی سەرێ کانیش بگەڕێنینەوە سەر زێدی خۆیان ."
ئەم هەنگاوە نوێیەی گەڕانەوە لە کاتێکدایە، ئاوارەکانی عەفرین لە هەرێمی جەزیرە بە پەرۆشییەکی زۆرەوە چاوەڕێی بینینەوەی ماڵ و وارەکانیانن، هەرچەندە بەشێکیان نیگەرانی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانن لە قۆناخی دوای گەڕانەوەیاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ