رووداو دیجیتاڵ
بینینی لێدانی دایكێک لە دوو منداڵە شیرەخۆرەکەی کەم کەس بەرگەی دەگرێت، دایکی منداڵەکان جگە لە لێدانی منداڵەکانی بەدەستی خۆشی ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی جگەرگۆشەکانی تۆماردەکات.
واحیدی 7 ساڵان لە رووخسار و جلوبەرگی زەحمەتی ژیان و لە چاوەکانی ترس تاکە شت بوو کە هەستت پێدەکرد. واحید یەکێکە لە منداڵەکانی ئەو ژنەی کە ئەشکەنجەی دوو منداڵەکەی داوە. ئەو بەم تەمەنە منداڵەیەوە بێبەش لە خوێندن و رۆژ تاوەکو ئێوارە لە عەلوەی هەولێر سندووق کۆدەکاتەوە و 10 هەزار رۆژانە بۆ خێزانەکەی دێنێتەوە.
گفتوگۆی نێوان پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو و واحید، منداڵی ئەو ژنەی دەستگیرکراوە:
واحید: ئەو دەگەڕایەوە لێیدەداین
پەیامنێری رووداو: کێ؟
واحید: سەباح
پەیامنێری رووداو: لەکێی دەدا؟
واحید: لە دایکم
پەیامنێری رووداو: بەچی لێی دەدا؟
واحید: بەدەست
پەیامنێری رووداو: لە ئێوەشی دەدا؟
واحید: بەڵێ
پەیامنێری رووداو: باوکت لێی دەدای؟
واحید: بەڵێ
پەیامنێری رووداو: ئەی دایکت؟
واحید: ئەویش لێی دەدام
پەیامنێری رووداو: کێ لە ماڵەوە کاردەکات تەنیا تۆ یان خوشک و براکانیشت؟
واحید: خوشکەکانم و من
پەیامنێری رووداو: خوشکەکانت چ کارێک دەکەن؟
واحید: ئاودەفرۆشن لە شەقام
پەیامنێری رووداو: واحید دەتەوێ چیت بۆ بکەین؟
واحید: دایکمم دەوێ
لە دوای بەدواداچوون پەیامنێری رووداو ئەمەی لە چیرۆکی ئەو خێزانە دەستکەوتووە. خەڵکی موسڵن و لە هەولێر دەژین، دایکی منداڵەکان لەدایکبووی 1974ـە، هاوژینی پێشووی نزیک 6 ساڵ پێش ئێستا بە نەخۆشی کۆچی دواییکردووە و 6 منداڵیان هەبووە 4 کچ و دوو کوڕ کە گەورەترینیان 12 ساڵە و بچووکترینیان 4 ساڵە.
دایکی منداڵەکان ساڵی 2017 ژیانی هاوژینی لەگەڵ هاووڵاتییەکی عەرەب پێکدەهێنێت کە جگە لە ئەو دوو هاوژینی دیکەی هەیە و دەبنە خاوەنی دوو منداڵ و لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا دیارە کە لێیان دەدات.
سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان ئاماژەی بەوە کرد: کۆمەڵێک منداڵی هەبووە بەس ئەو توندووتیژیەی ئەنجامی داوە زۆربەی بەرامبەر ئەو دوو منداڵە بچووکە بووە. بە قسەی خۆی دەڵێ، چونکە پیاوەکەی بەجێیهێشتووە و ماوەیەکی زۆرە لێی دوورە بۆیە ئەم شتەی کردووە بۆئەوەی ئازاری باوکی منداڵەکان بدات.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکە، دایکەکە دەستگیردەکرێت و دوو منداڵە ئەشکەنجەدراوەکەشی لەگەڵی لە زیندانن. باوکیان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و 6 منداڵەکەی دیکەش بە بڕیاری دادوەر بردرانە خانەی بێسەرپەرشتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ