رووداو دیجیتاڵ
کۆڕبەندی 40 ساڵەی حیزبە دیموکراتەکانی جیهان لە لەندەن بەڕێوەدەچێت و فەلاح حەسەن، جێگری یەکەمی سەرۆکی لاوانی دیموکراتی ئەوروپاش دەڵێت، وەک نوێنەری سەرۆک بارزانی بەشدارە و چەندین دیداری "گرنگ"ـی ئەنجام داوە و داوای کردووە پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکرێت.
رۆژی 19ـی ئەم مانگە کۆربەندی پارتە دیموکراتەکانی جیهان لە لەندەن دەستیپێکرد و بڕیارە ئەمڕۆ کۆتایی بەکارەکانی بهێنێت.
فەلاح حەسەن دەڵێت، وەک نوێنەری سەرۆک بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا کردووە و رایگەیاند، "نوێنەری پارتە دیموکراتەکانی زیاتر لە 70 وڵات لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن؛ جەنابی سەرۆک بارزانی بانگهێشتکرابوو، ئەویش منی وەکو نوێنەری خۆی راسپارد."
فەلاح حەسەن گوتی، لە کۆڕبەندەکەدا نزیکەی 400 سیاسەتمەداری جیهانی بەشدارن؛ گوتیشی، لە کۆڕبەندەکەدا چەندین دیداری هەبووە، وەک دیدار لەگەڵ جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا؛ مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا؛ ستیڤن هارپەر، سەرۆکی پارتە دیموکراتەکانی جیهان؛ وڵیەم هەیگ، وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیا، لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا؛ سکۆت مۆریسۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئوسترالیا؛ بۆرس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا.

فەلاح حەسەن گوتیشی، دیدارەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی کوردستان گرنگە؛ گوتیشی، لە دیدارەکاندا باسی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان کردووە و دوای کردووە پشتیوانی لە مانەوەی قەوارەکە و حکومەتەکەی بکرێت.
فەلاح حەسەن گوتی، لەگەڵ ئامادەبووان باسی لە شەڕی داعش و رۆڵی پێشمەرگە لەو شەڕەدا کردووە و داوایکردووە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکەن؛ گوتیشی، "باسی پێکەوە ژیانم لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژە بە گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەنێو هەرێمی کوردستاندا کرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ