رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کورستان رایدەگەیێنێت، هەموو جیاکارییەک لە جێبەجێکردنی بودجە لە دژی هەرێمی کوردستان رەتدەکەنەوە و دەشڵێت، ئەرکە لەسەر حکومەتی عێراق، یاسای بودجە جێبەجێ بکات و تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات لە پێش هەمووشیەوە تەرخانکراوی خەرجیی مانگانەی مووچەی مووچەخۆران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-06-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەن و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەت هەموو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو رێککەوتنانەی واژۆ کراون، لەبەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە. دەشڵێت، "بەڵام لە دەرەوەی دەستوور و رێککەوتننەکان، دەستکاریی بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکان کرا کە لەڕووی دەستوورییەوە گۆڕانکاریی لە رێککەوتننامەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵیی و هەرێم رێگەپێدراو نییە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی بودجەی فیدراڵیی عێراق رەتدەکاتەوە و، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگە و مادەکانی بودجە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی، پێداچوونەوە بکات بە بڕگە و مادە هەموارکراوەکان کە تاوەکو چەند لەگەڵ کارنامەی حکومەتی عێراق دەگونجێن و تاچەند شایانی جێبەجێکردنن و پێویستە میکانیزمی شیاو بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان دابنرێت.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەرێمی کوردستان پابەندییە دەستورییەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و هیچ بیانوو و پاساوێکیش بۆ هەر رێکارێکی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەماوە، بە تایبەتیش پاساوی نەوت کە پێشتر هەمیشە دەکرایە بیانوو بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنی لە شایستە داراییەکانی، بۆیە ئێستا ئەرکە لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی، یاسای بودجە جێبەجێ بکات و تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات لە پێش هەمووشیەوە تەرخانکراوی خەرجی مانگانەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو ژمارانەی لە ناو خشتەکانی بودجەدا جێگیرکراون لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012ی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور - (لجنة شؤون الشمال)ی هەڵوەشاوە تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور دەکات و "دەستخۆشی لە دوا نووسراوی لیژنەکە دەکات بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کوژاندنەوەی زەویی کشتوکاڵی کورد و تورکمان و راگرتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ هاوردەکراوان، بەڵام لەمە گرنگتر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەیە بە کردارەکی و راگرتنی خێرای هەموو ئەو ناڕەواییەی بەرامبەر بە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت لەو ناوچانە، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوویی نییە."
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی وەزاریی تایبەت بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ راسپارد کە کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن و بە هەماهەنگیی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوونی خێرا بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لیژنەی فیدراڵیی تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد و تورکمان کە رێگرییان لێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ