رووداو دیجیتاڵ
بە پاساوی "ناوزڕاندن" لە راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیدا، پزیشکێک لە شاری هەولێر سکاڵا لە دژی رۆژنامەڤانێک و ئەو کەناڵەی پێشتر کاری تێداکردووە، تۆماردەکات و دەڵێت، بەهۆی راپۆرتێکەوە 95٪ـی کارەکەی لەدەستداوە. پزیشکەکە داوای سێ ملیار و 200 ملیۆن دینار قەرەبوو دەکاتەوە. رۆژنامەڤانەکەش دەڵێت: "دەستوەردانی سیاسی لە کەیسەکەدا هەیە."
شەوی چوارشەممە، 21-6-2023، رۆژنامەڤان ئەیوب وەرتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رەمەزانی ساڵی 2022 راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لەبارەی دوو خوشک کردووە، کە لەلایەن پزیشکێکی جوانکارییەوە "دەستدرێژییان کرابووەسەر"، بەڵام لە راپۆرتەکەد ناو و وێنە و ڤیدیۆی پزیشکەکەی بڵاونەکردووەتەوە، کەچی لەلایەن ئەو پزیشکەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکرا و لە رۆژی 6ـی ئاداری 2023 بەپێی یاسای رۆژنامەگەری بە پێبژاردنی یەک ملیۆن دینار سزادراوە.
ئێستا ئەو پزیشکە سکاڵایەکی دیکەی لەسەر ئەو رۆژنامەڤانە تۆمارکردووە و داوای سێ ملیار و 200 ملیۆن دینار قەرەبووی لێدەکات. ئەیوب وەرتی گوتی: "هەرچەندە سەرەتا بڕیاربوو ئەوکات بەپێی یاسای سزادانی عێراقی سزابدرێم، بەڵام ئەوە لە دادگە رەتکرایەوە، من بڕیاری پێبژاردنەکەم تەمیزکردەوە، بەڵام دواتر ئەو پزیشکە سکاڵای داوای قەرەبووکردنەوەی لەسەرم تۆمار کردووە."
ئەو رۆژنامەڤانە کە پێشتر لە کەناڵی کەی ئێن ئێن کاری کردووە و راپۆرتەکەی لەو کەناڵە بڵاوبووەتەوە، کەناڵەکە لەسەر ئەو دۆسیەیە بە یەک ملیۆن دینار بەپێی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35ـی ساڵی 2007 سزادرابوو.
بەپێی نووسراوی پێڕاگەیاندنامەکەی پۆلیس، داواکراوە رۆژی 2ـی مانگی ئابی داهاتوو ئەیوب وەرتی لەبەردەم دادگەی بەرایی هەولێر/2 ئامادەبێت بەهۆی سکاڵایەکەوە کە پارێزەرانی ئەو پزیشکە تۆماری کردووە و تێیدا رۆژنامەڤانەکە و کەناڵی کەی ئێن ئێن و سۆشیاڵ میدیاکانی تۆمەتبار دەکات.
لە داواکەدا پارێزەرانی پزیشکەکە، کە رۆژی 15ـی ئەم مانگە پێشکێشی دادوەری دادگەی بەرایی هەولێریان کردووە، دەڵێن: "داوا لە دادگەی بەڕێز دەکەین داوالێکراوان بانگهێشت بکات بۆ دادبینی و بڕیاربدات بە پابەندکردنیان بە دانی قەرەبووی ئەو زەرەرە مادی و مەعنەوییەی کە بەر بریکاردارمان کەوتووە لە رۆژی ئەنجامدانی تاوانەکە تاوەکو ئێستا بۆ بریکاردارمان بە سێ ملیار و 200 ملیۆن دیناری عێراقی دەیخەمڵێنین."
لە داواکەدا کە وێنەکەیەکی لەلای رووداوە، پارێزەرانی ئەو دوو پزیشکە دەڵێن: "بریکاردارمان لە سەنتەرەکەیدا پێشتر رۆژانە 10 ملیۆن دیناری عێراقی کاری دەکرد، بەڵام ئێستا ئیشەکەی 95٪ نەماوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ