رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. پەکەکەش کوژرانی سێ سەربازی سوپای تورکیای بڵاوکردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21ی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە هێرشێکی ئاسمانییدا کە لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە، سێ گەریلای پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگەش بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە چەندین ناوچەی جیاواز لە خاکی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی تورکیا بوونەتەوە و رۆژی 17ی تەممووز لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا سێ سەرباز لە ناوچەی زاپ کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون.
لە راگەیێندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، لە رۆژی 10ی تەممووزەوە سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، تۆپهاوێژ و فڕۆکە جەنگییەکانییەوە پێگەکانی پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی زاپ، مەتین، خواکوڕک، ئامێدی و ئاڤاشین بەچڕی بۆردوومان دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 577 گەریلا و کوژرانی 93 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 935 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 344 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ