رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی دەستگیرکردنی چالاکڤانێکی خەڵکی دهۆک، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئیدانەی هەموو شێوازێکی دەستگیرکردن دەکەین ئەگەر فەرمانی دادوەری لەگەڵ نەبێت"؛ کۆمیتەی نێودەوڵەتیی پاراستنی رۆژنامەڤانانیش داوا دەکات "دەستبەجێ" شوێنی چالاکڤانەکە ئاشکرا بکرێت.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی، 21ـی تەممووزی 2023 بڵاوکراوەتەوە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای ئەوەی رۆژی 20ـی تەممووز بڵاوکرایەوە کە هاووڵاتییەک بە ناوی ئومێد بەرۆشکی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کراوە و هێشتا ناسنامەیان دیار نییە و تا ئێستا چارەنووسی ئەو کەسەش دیار نییە، داوای روونکردنەوە لە دەزگا ئەمنییەکانی شاری دهۆک دەکەین لەسەر دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییە."
لە راگەیێندراوەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤدا هاتووە، "ئیدانەی هەموو شێوازێکی دەستگیرکردن دەکەین ئەگەر فەرمانی دادوەری لەگەڵ نەبێت لەلایەن هەر هێزێکی ئەمنییەوە بێت. ئەو جۆرە دەستگیرکردن و شێوازە دوورە لە رێکارە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و خزمەتی ناوبانگی هەرێمی کوردستان ناکات بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دیموکراتخواز".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، نووسینگەی دهۆکی خۆیانیان راسپاردووە بۆ بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ناوبراو و "ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو هێزەی بردوویانە".
هاوکات، کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ) لەو بارەیەوە دەڵێت، "پێویستە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستبەجێ شوێنی رۆژنامەڤان ئومێد بەرۆشکی ئاشکرا بکەن و دڵنیایی بدەن لەوەی کە رۆژنامەڤانان بەهۆی کارەکەیانەوە دەستگیرناکرێن."
شەریف مەنسوور، رێکخەری پرۆگرامی سی پی جەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەڵێت، "دەستگیرکردنی رۆژنامەڤان ئومێد بەرۆشکی لە ماڵەکەیدا لە کوردستانی عێراق، زۆر نیگەرانکەرە. پێویستە دامودەزگاکان دەستبەجێ شوێنەکەی ئاشکرابکەن. پێویستە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەڵمەتی تۆقاندن دژی رۆژنامەڤانی رابگرن و رێگە بە رۆژنامەڤانان بدەن ئازادانە کاربکەن."
ئومێد بەرۆشکی، یەکێکە لە چالاکڤانەکانی دهۆک و ئەو کەسەیە دەستەی مافی مرۆڤ داوای دیاریکردنی چارەنووسی کردووە.
ماهیر بەرۆشکی، برای ئەو هاونیشتمانییە و ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ کاژێر 08:00ـی شەو، چەند کەسێک کە نازانین چەکدار بوون یان کەسانی مەدەنی، چوونەتە سەر ماڵی ئومێدی برام و بردوویانە، کە لەو کاتەدا بە تەنیا لە ماڵ بووە".
ئومێد بەرۆشکی رۆژی 19ـی ئابی 2020، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان لە دهۆک لەگەڵ بەدەل بەرواری و چەند هاونیشتمانییەکی دیکە دەستگیر کران.
رۆژی 22-6-2021، دادگەی کەتنی دهۆک بڕیاری ساڵێک زیندانیکردن و پێبژاردنی 240 هەزار دیناری بۆ دەرکرد، ئەویش بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ماددەی 240ـی یاسای سزاکانی عێراق، دوای مانەوەی ساڵێک و حەوت مانگ لە زیندان، ناوبراو رۆژی 22-2-2022 ئازاد کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ