دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات و باسی هێرشە درۆنییەکانی سەر کوردستان نەکرا

21-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات، بەگوێرەی کارنامەکەی دەبووایە گفتوگۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت و هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام باسی هێرشە درۆنییەکان نەکرا.
 
فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێ بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد. 
 
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە، 21ی تەمموزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکە تەنیا سێ پەرلەمانتاری کورد بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد. 
 
جگە سۆران عومەر هەریەک دارا سێکانیانی و عومەر کۆچەر پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو بەشداربوون، بەڵام دواتر دوو پەرلەمانتارەکەی یەکگرتووش لە دانیشتنەکە هاتنە دەرەوە.
 
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە فەرمی حەشدی شەعبی تۆمەتبارکردووە بە ئەنجامدانی هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەبوو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە دانیشتنەکە ئامادەبوونایە و قسەی خۆیان بکردایە.
 
سۆران عومەر گوتی: "بڕگە یەکەم تاوتوێکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەرلەمانتارانی کورد بەشداریان نەکرد، داوام لە موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد، کە سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی دەکرد، بڕگەی هێرش درۆنییەکان لە دانیشتنەکە هەڵبگرێت و ئەویش هەڵیگرت و باس نەکرا".
 
بە گوتەی سۆران عومەر، موحسین مەندەلاوی، سەرسووڕمانی خۆی لە ئامادەبووانی نوێنەرانی کورد دەربڕی و گوتی: "ئەوان خۆیان داوای کۆبوونەوەیان کردبوو، کەچی ئێستا بەشداری دانیشتنەکەیان نەکردووە".
 
هەر لەوبارەوە، دارا سێکانیانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاتێک سەیرمان کرد دانیشتنەکە چۆڵ بوو، باسی هێرشی درۆنی ناکرێت، ئێمەش هاتینە دەرەوە". 
 
هەریەک لە شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی و شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: "لە سەرووی خۆمانەوە ئاگادارکراینەوە، بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نەکەن و ئێمەش بەشداریمان نەکرد". لەبارەی هۆکارەکەی گوتیان" هیچ زانیارییەکمان نییە، تەنیا گوتیان بەشداری نەکەن و ئێمەش بەشداریمان نەکرد". 
 
سروە محەممەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی، بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک بدات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی نەکرد".
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان؛ لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون.
 
هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە زۆربەی ئەندامانیان ناچار بوون بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رابگرن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە