پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە؛ 'لە گەرمیان دەگاتە 51 پلە'

21-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسێک رایگەیاند، شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و تاوەکو هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت. گوتیشی: "لە رۆژی پێنجشەممەوە پلەی گەرما زیاتر لە 7 پلە بەرزدەبێتەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئەمڕۆوە تاوەکو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما دوو پلە بەرزبووەتەوە، لە رۆژانی داهاتوودا زیاتریش بەرز دەبێتەوە."
 
ئەو کەشناسە دەڵێت: "چەقی گەرماکە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستپێدەکات تاوەکو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو؛ دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 25ـی تەممووز، بۆ یەکەمجار لە ئەم ساڵدا پلەی گەرما بەتێکڕایی لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 50 پلەی سیلیزی و لە گەرمیانیش دەگاتە نزیکەی 51 پلەی سیلیزی."
 
ئەو کەشناسە هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان، ئەگەر بۆ کاری پێویست نەبێت لە کاژێر 11:00 تاوەکو 4:30 نەچنە دەرەوە، "چونکە تیشکی سەروو بنەوشەیی زۆر بەهێز دەبێت، کاردەکاتە سەر تەندروستی، بە هیچ شێوازێکیش بۆن و چەرخ لە ناو ئۆتۆمبێل جێنەهێڵدرێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەی رایگەیاند: "ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبنەوە."
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت؛
 
هەولێر: 43 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 41 پلەی سیلیزی
دهۆک: 41 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 42 پلەی سیلیزی
سۆران: 39 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 33 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 45 پلەی سیلیزی
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە