دەستپاکیی عێراق: بەرپرسێکی پێشووی شارەوانیی کەرکووک لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا

21-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنی بەرپرسێکی پێشووی شارەوانیی کەرکووکی لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل دا راگەیاند، بەڵام بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک رەتیدەکاتەوە ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە فەرمانگەکەیانەوە هەبێت و دەڵێت، زیاتر لە سێ ساڵە گواستراوەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 21ی تەممووزی 2025، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی زانیاری لەبارەی ئەوەی کە بەرپرسی پێشووی زێدەڕۆییەکانی کەرتی پێنجەمی شارەوانی هەڕەشە لە هاووڵاتییەک دەکات، تیمێکیان لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک پێکهێناوە. تۆمەتبارەکە هەڕەشەی لە خاوەنی دووکانێکی ماسیفرۆشی کردووە و داوای دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بەرتیلی لێکردووە.
 
دەستپاکی ئاماژەی بەوەشکردووە: "بە هاوکاری لەگەڵ ئاسایش، بۆسەیەک دانرا و توانرا تۆمەتبارەکە لە کاتی وەرگرتنی بەشێک لە پارەکە دەستگیر بکرێت. تۆمەتبارەکە لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی کەرکووک لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و بڕیاری راگرتنی بۆ دەرچووە."
 
ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک، ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە کە گوایە ئەو کەسە بەرپرس بووبێت لە شارەوانی و بە رووداوی رایگەیاند: "راستە پێشتر کارمەندێکی ئاسایی شارەوانی بووە، بەڵام زیاتر لە سێ ساڵە گواستراوەتەوە بۆ قایمقامییەتی کەرکووک و هیچ پەیوەندییەکی بە شارەوانییەوە نەماوە. دەستەی دەستپاکی بەهەڵە ناوی شارەوانیی کەرکووکی بردووە."
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک گوتیشی: "ئەو رووداوەی کە لەسەری دەستگیرکراوە، هیچ پەیوەندییەکی بە کاری شارەوانییەوە نییە و نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر روویداوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.