رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی لە عێراق بڵاوکرانەوە و چەند قوتابییەکی کورد لە سنووری کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە لە ریزبەندی یەکەمەکاندان. یەکێک لەوانە ئەژین سیروانە، کە لە شاری کەرکووک نیشتەجێیە و لە خوێندنی عەرەبی یەکەم بووە.
ئەژین سیروان، یەکێکە لەو یەکەمانە و بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووکی راگەیاند، "کۆ نمرەکەم 99.86ـە، بە بینینی نمرەکەم لەگەڵ دایک و باوکمدا زۆر دڵخۆشبووین و ئامانجی داهاتووم ئەوەیە بچمە کۆلێژی پزیشکی گشتی."
لەبارەی کاتی خوێندنی رۆژانەیەوە، ئەژین گوتی، "بۆ گەیشتن بەو کۆنمرەیە، رۆژانە 7 بۆ 8 کاژێر وانەم دەخوێند، دایک و باوکیشم زۆر هاوکار و ماندوو بوون."
باوکی ئەژین بە رووداوی گوت، "زۆر خۆشحاڵین کچەکەمان ئەو نمرە بەرزەی بەدەست هێناوە، هۆکاری یەکەمی ئەو سەرکەوتنە ماندووبوونی ئەژین خۆی بوو."
ئەو قوتابییانەی لە ساڵی یەکەمی پۆلی شەشی ئامادەیی دەردەچن، 3 نمرە دەخرێتە سەر کۆنمرەی گشتییان، بۆیە ئەژین سیروان، بە نمرەی دەرچوونی خولی یەکەمەوە، کۆنمرەکەی دەبێتە 102.
هەروەها بارسا سەباح، کچە خوێندکارێکی کوردە لە بەشی زانستی خوێندنی عەرەبی، بە کۆنمرەی 100 توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگای سەڵاحەدین بەدەستبهێنێت.
بە گوێرەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بۆ خوێندنی ساڵی 2024-2025، کۆی ئەو قوتابییانەی پۆلی شەشی ئامادەیی کە بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکاندا کردووە، ژمارەیان سەروو یەک ملیۆن قوتابییە.
ئیبراهیم جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، "کۆی ئەو قوتابییانەی بەشی زانستی، کە توانیویانە کۆنمرەی 100٪ بەدەستبهێنن، ژمارەیان 171 قوتابییە لە سەرانسەری عێراقدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ