تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەی کچە شەش ساڵانەکەی بۆکان سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا

21-07-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری دۆسیەی منداڵە شەش ساڵانەکەی بۆکان رایگەیاند، تاوانبارێکی دیکەی دۆسیەی نیان چەلبیانی لەسێدارە دەدرێت.
 
دووشەممە، 21ی تەمموزی 2025، سەردار حاجی ئەحمەدی، پارێزەری دۆسیەی نیان چەلبیانی بە رووداوی راگەیاند، "بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستی نیانی تەمەن 6 ساڵ، بۆ جاری دووەم سێ کەس سزادران."
 
حاجی ئەحمەدی بە رووداوی گوت: "یەکێک لە تاوانباران بە ناوی (ئـ .خ) بە تاوانی بەشداری لە کوشتن و پێدانی 50 حەبی ترامادۆڵ بە نیان سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێندرا، تاوانبارێکی دیکەی دۆسیەکە بە ناوی (ش. م) بە تاوانی بەشدار بوون لە تاوانەکە سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێندرا و تاوانباری سێیەم کە باوکی نیانە بە ساڵێک و شەش مانگ گرتن سزا دراوە."
 
رۆژی دووشەممە، 17ی ئاداری 2025، چوار تاوانباری سەرەکیی دۆسیەکەی نیان بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر نیان و بەشداربوون لە تاوانەکە یەکێک لە تاوانباران بە ناوی (ا.خ) سزای لە سێدارەدان لە ناو جەماوەری بەسەردا سەپێندرا. سێ کەسەکەی دیکەش بە هەر یەک بە 15 ساڵ بەندکردن سزادران.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 12-7-2025 (ا. خ) کە بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر نیان چەلبیانیی تەمەن 6 ساڵانەوە سزای لەسێدارەدانی لە شاری بۆکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرچووبوو، سزاکەی لە گۆڕەپانێکی شارەکە جێبەجێ کرا.
 
شەوی پێنجشەممە، 16-01-2025 باوکی نیان و ئەو ژنەی "پەیوەندی لەگەڵیدا" هەبووە، نیان دەیگەیێننە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان. پزیشکی ئێشکگر و پەرستارانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان ئاسەواری دەستدرێژی سێکسی و هەروەها ئازاردان و سووتاندن لەسەر جەستەی ئەو کچە دەبینن، بۆیە پاسەوانانی نەخۆشخانە ئاگادار دەکەنەوە و هەر لەوێ باوکی نیان دەستبەسەر دەکرێت. نیان رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ دەکرێت، بەڵام رۆژی دواتر بەهۆی سەختی برینەکەی گیان لەدەستدەدات.
 
ئەو کەسەی دەستدرێژیی کردووەتە سەر نیان کوڕێکی 19 ساڵانی خەڵکی سەقزە. ئەو کوڕە لە رێگەی دایکی و خوشکەکەیەوە هاتووچۆی ماڵی باوکی نیانی کردووە و لە لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەداناوە دەستدرێژی کردووەتەسەر نیان. دەشڵێت، لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەردا ئەو کارەی کردووە
 
مردنی نیان ناڕەزایی خەڵکی بە دوای خۆیدا هێنا و داوای لە سێدارەدانی تاوانبارانیان کرد.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.