رووداو دیجیتاڵ
ئێران بەردەوامە لە بەردانەوەی ئاوی بەنداوی سەردەشت بۆ ناوچەی پشدەر. بەڕێوەبەی سەرچاوەکانی ئاوی ئیدارەی راپەڕین لە سنوورەکە دەڵێت: "ئاوەکە هێندە زۆرە بەهاریش وانەبووە".
سپاردە محمەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاو لە راپەڕین رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەبێ هیچ هۆشدارییەکی پێشوەختە و ئاگاداربوونی ئێمە، ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی بەرداوەتەوە".
بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی راپەڕین دەڵێت، بۆ بەردانەوەی ئاو هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئێران نییە. گوتیشی: "ئێستاش نازانین ئێران چۆن و بۆچی چەند رۆژێکە ئەو ئاوەی بەرداوەتەوە، کە پێدەچێت خۆیان کاریان پێی بێت، چونکە رۆژبەڕۆژ ئاستی بەردانەوە زیاتر دەبێت".
زێی بچووک سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی نزیکەی 100 هەزار دانیشتووی قەڵادزێیە. سپاردە محەممەد گوتی: "جیا لە قەڵادزێ، ئاوی زێی بچووک سوودی زۆری لێ وەردەگیرێت بۆ کشتوکاڵ و حەوزەکانی ماسی".
ئەو ئاوەی زێی بچووک کە زیاتربێت لە پێداویستی ناوچەکە، دەڕێژێتە بەنداوی دووکانەوە و دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ زیادبوونی ئاوی بەنداوەکە.
29ـی حوزەیران سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوینێکی قورسمان لەپێشە و رۆژ دوای رۆژ سەرچاوەکانی ئاومان روو لە وشکبوون دەکەن، بەتایبەت زێی بچووک".
سپاردە محەممەد دەڵێت: "سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک بە تەواوی بووژاوەتەوە، بەجۆرێکە بەهاریش ئاوەکە هێندە زۆر نەبووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ