ژمارەیەک رۆژنامەڤان و چالاکڤان داوای ئازادکردنی گوهدار زێباری و شێروان شێروانی دەکەن

21-08-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"دەستەی بەرگری لە ئازادی"، کە لە ژمارەیەک رۆژنامەڤان و چالاکڤان پێکهاتووە داوای ئازادکردنی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری دەکەن. رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "دادگە سەلماندوویەتی شێروان شێروانی پەنجەمۆری لەبری گوهدار کردووە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 21-08-2023، ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسان، نووسەران و چالاکڤانانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، پاڵپشتیی خۆیان بۆ گوهدار زێباری، شێروان شێروانی و هاوڕێیانیان دەربڕی.
 
لە راگەیێندراوەکەی ''دەستەی بەرگریی ئازادی''ـدا هاتووە، سەرەڕای بەڵێنەکانی چاکسازی و فراوانکردنی پانتایی ئازادیی رادەربڕین لەلایەن حکومەتەوە، "دۆخی مافی مرۆڤ، ئازادی، رۆژنامەگەری و کاری رێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستاندا، کە کۆڵەکەی هەر سیستمێکی دیموکراسین، بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە پاشەکەشە کردووە."

 

 

رۆژنامەنووسان بۆ رەخنەگرتن لە درێژکردنەوەی ماوەی سزادانی شێروان شێروانی لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن، ''سزادانی شێروان شێروانی و ئازادنەکردنی گوهدار زێباری، خراپ بەکارهێنانی یاسایە دژی رۆژنامەنووس و چالاکڤانان.''
 
دادگەی تاوانی هەولێر رۆژی 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن حوکم دا. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو، کەمکرایەوە.
 
دوای کەمکردنەوەی حوکمەکان، بڕیار بوو گوهدار زێباری رۆژی 16ـی ئاداری ئەمساڵ ئازاد بکرێت، بەڵام بەگوێرەی مادەی 279 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ ماوەی حەوت مانگ حوکمدرایەوە، دوای ئەوەی ئەو بڕیارەیان تەمیزکردەوە، حوکمەکەی بۆ پێنج مانگ کەمکرایەوە.
 
دواکەوتنی ئازادکردنی گوهدار زێباری پەیوەندی بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەوە بوو. رۆژی 15-03-2023، بەشدار حەسەن، پارێزەری حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گوهدار ئۆتۆمبێلێکی جۆری دایۆ مۆدیل 1993ـی هەبووە کە پێش کڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکە بۆ تۆیۆتا گۆڕدراوە و ئەوەش تاوانی گوهدار نەبووە، بەو بیانووە حەوت مانگی دیکە حوکمدراوە."
 
هەروەها رۆژی 20-07-2023، شێروان شێروانی بە تۆمەتی ئەوەی بۆ کشاندنەوەی نووسراوێک لەبارەی ئازادبوونی مەرجدار، پەنجەمۆری لەسەر ناوی (گوهدار محەممەد ئەمین)، یەکێک بەندکراوان کردووە، واتە نووسراوی ئاسایی تەزویرکردووە و بەکاریشی هێناوە، بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزادرا، بە مادەیەکیان دوو ساڵی و شەش مانگ و بە مادەیەکی دیکەیان ساڵێک و شەش مانگ.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیاندا، ئەو رۆژنامەڤان و چالاکڤانانە داوا لە دادگەی پێداچوونەوە دەکەن ''ئەو پێشێلکارییە یاساییە راست بکەنەوە بۆ ئەوەی بێمتمانەیی خەڵک بە دادگەکان قووڵتر نەبێتەوە"
رۆژنامەنووس و چالاکڤانان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ''ناچارین ئێمەش بەردەوام بین لە کارکردن بۆ فراوانکردنی ناڕەزایەتییەکان و گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێک بۆ گەیاندنی دەنگمان و کۆتاییهێنان بەو دۆخە.''
 
رۆژی هەینی 21-7-2023 کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (سی پی جەی) هەواڵێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی، هاونیشتمانی خەڵکی دهۆک بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "پێش دەستگیرکردنی، بەرۆشکی رەخنەی لە حوکمی درێژکراوەی شێروان شێروانی، رۆژنامەڤانی زیندانیکراو گرت و داوای خۆپێشاندانی کرد لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا." 
 
شەریف مەنسور، هاوئاهەنگیکاری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقای سی پی جەی رایگەیاند، "پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق واز لە هەڵمەتی ترساندن بەرامبەر میدیا بهێنن و رێگە بە هەموو رۆژنامەڤانان بدەن بۆ ئەوەی ئازادانە کاربکەن."
 
بەڵام دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە رووداوی راگەیاند، "دواى ئەوەى هەریەکە لە سزادراوان (ئەیاز کەرەم رەشید، هاریوان عیسا محەممەد، شێروان ئەمین نعو، شڤان سەعید عومەر و گوهدار محەممەدئەمین) داواکارییەکیان بۆ پێدانى ئازادکردنى بە مەرج (افراج شرطى) پێشکێشکرد لە دواى داواکارییەکەیان دەست بە رێکارەکان کرا بۆ پێدانى ئازادبوونى بەمەرج."
 
بەپێی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان "سزادراو شێروان ئەمین نعو، داواکارییەکى پێشکێشى توێژەرى کۆمەڵایەتى کرد بە ناوى پێنج سزادراو بەمەبەستى راگرتنى ئازادکردنی بە مەرج کە پێشتر سزادراوەکان داوایان کردبوو و بۆ ئەم مەبەستەش پەنجەمۆریان کردووە. توێژەرى کۆمەڵایەتى داواکارییەکەى بەرزکردەوە بۆ بەڕێوەبەرى چاکسازى گەوران، لەلاى خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیى گەوران ئەم داواکارییەى ناوبراوى ئاراستەى بەشى یاسا و داواکارى گشتى لە چاکسازییەکەى کرد سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەیان لە داواکردنى ئازادبوونى بەمەرج."
 
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، "هەردوو سزادراو (شڤان سەعید عومەر و گوهدار محەممەد ئەمین) بێئاگایی خۆیان نیشانداوە و کەسی دیکە لەجیاتی ئەوان پەنجەمۆریان کردووە، بۆیە چاکسازیی گەورانی هەولێر داوای کردووە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە ئەم کارەیان کردووە، دوای وردبینی لە کەیسەکە، داواکاری گشتی بەپێی بەرپرسیاریێتی و ئەرکی خۆی لە پاراستنی مافی گشتی، رێکاری یاسایی گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەو کەسەی بەم کارە هەستاوە و داوای جووڵاندنی کەیسەکەی لە دادگەی لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر کردووە."
 
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی یاسا و بنەماکانی دادگە، پەنجەمۆرکردن یان واژۆکردنی هەر داواکارییەکی کەسێک لەجیاتی کەسێکی دیکە و پێشکێشکردنی ئەو داواکارییانە، رێگەپێدراو نییە و دژ بە یاسایە." 
 
لەبارەی دۆسیەی گۆهدار محەممەد ئەمینیش، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی "بەمزووانە لە راپۆرتێکدا بە ودی هەموو شتێک بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە