پیشەوەرانی کەرکووک "دەتوانن بە قیستی مانگانە ببنە خاوەنی دووکانی خۆیان"

21-08-2023
پەیمان محەممەد
دەروازەی شاری کەرکووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دەروازەی شاری کەرکووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کەرکووک ناوچەیەکی پیشەسازی نوێ لە دەرەوەی شار دروستکراوە و پیشەوەران ناچار دەکرێن بچنە ناوچەکە. سەرۆکی ناوچە پیشەسازییەکەش دەڵێت، ''لێرە سەرجەم پیشەوەران دەتوانن ببنە خاوەن دووکانی خۆیان''.
 
رۆژی دووشەممە، 21-08-2023، رەمەزان حاجی رەشید، سەرۆکی ناوچەی پیشەسازیی نوێی کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەم ناوچەیە پیشەسازییە بۆ ئەوە دروست کراوە کە سەرجەم پیشەوەران بتوانن ببنە خاوەنی دووکانی خۆیان و کەس نەتوانێت داگیری بکات.''
 
وەک رەمەزان حاجی رەشید گوتی، لەو شوێنە هەم دووکان بە کرێ هەیە، هەم ببنە خاوەنی دووکان و بیکڕن، دەشڵێت: ''ئەوەی کە دەیکڕێت دەبێتە موڵکی خۆی و هیچ کرێیەک نادات، تەنیا مانگانە 30 هەزار بۆ 40 هەزار دینار وەکو پارەی خزمەتگوزاری دیاریکراوە.''
 
ماوەی دەیان ساڵە پیشەوەرانی کەرکووک لە حەسیرەکە و چەند ناوچەیەکی دیکەی ناوشار کاردەکەن. بەڵام ئێستا هێزی ئەمنی و لیژنەی لابردنی زێدەڕۆیی کەرکووک گوشاریان خستوونەتەسەر کە دەبێ شوێنەکە چۆڵبکەن و لە ناوچەی پیشەسازیی نوێ دووکان بگرن، بەڵام پیشەوەران بەوە رازی نین و تاوەکو ئێستا شوێنی خۆیان چۆڵ نەکردووە.
 
بەشێک لە گلەیی پیشەوەران ئەوەیە کە ئەو گرێبەستانەی لە ناوچە پیشەسازییەکە دەکرێت، بۆ یەک ساڵە و دوای ئەو ماوەیە داوای پارەی زیاتر دەکرێت، سەرۆکی ناوچەی پیشەسازیی نوێ ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ''ئێمە گوتوومانە چەند ساڵتان دەوێت گرێبەستتان بۆ دەکەین و هیچ کێشەیەکمان لەوبارەوە نییە و بە نیاز نین بە هیچ شێوەیەک کرێ زیاد بکەین.''
 
رەمەزان حاجی رەشید جەختی لەوە کردەوە، هەر کەسێک لە ناوچە پیشەسازییەکە دووکان بکڕێت و بە کرێی بداتەوە، دەبێ پابەندی رێنماییەکان بێت: ''وەکو کۆمپانیا رێگە نادەین لەسەر پیشەوەران بڕی کرێ زیاد بکات.''
 
باس لەوە دەکرێت لە ناوچە پیشەسازییەکە یەک دووکان بە چەند کەسێک فرۆشراوە، سەرۆکی ناوچە پیشەسازییەکە رەتیکردەوە، هیچ فێڵێک لە پیشەوەران کرابێت و دەڵێت: ''هەر کەسێک کێشەیەکی لەم جۆرەی هەیە باسی بکات، ئێمە بەهیچ شێوەیەک مەترێک دووکانمان بە دوو کەس نەفرۆشتووە و فێڵمان لە هیچ کەس نەکردووە.''
 
رەمەزان حاجی رەشید گوتی، لە دەقی گرێبەستی فرۆشدا هاتووە، ئەگەر هێنانی قیستی دووکانەکە ماوەی 10 رۆژ دوا بکەوێت، کۆمپانیا بۆی هەیە  100 هەزار دینار پێبژاردن بۆ کڕیار بکات، ئەگەر هەر بەردەوامیش بێت لە نەهێنانی پارەکە، کۆمپانیا یەکلایەنە گرێبەستەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەو پارەیەی، کە لە کڕیاریشی وەرگرتووە، لە کۆتایی پڕۆژەکە بە بڕینی 5٪ـەوە دەیدرێتەوە.
 
ناوچەی پیشەسازیی نوێ پێکدێت لە سێ هەزار و 400 دووکان و شوێنی پیشەوەری کە لەسەر رووبەری 100 مەتری، 200 مەتری و 300 مەتری دروستکراون. ئاو و کارەبای بۆ دابینکراوە، نرخەکانیش بە قیستی مانگانەیە، بەپێی رووبەڕ لە 100 هەزارەوە دەستپێدەکات، سەرۆکی ناوچە پیشەسازییەکە گوتیشی، بەراورد بە کرێی مانگانەی دووکان لە نێو شاری کەرکووک، نرخی کرێی دووکان لە ناوچە پیشەسازییەکە زۆر کەمترە.
 
ئەو پڕۆژەیە لەسەر رووبەڕی 1,600 دۆنم زەوی لە باکووری رۆژهەڵاتی کەرکووک دروستکراوە. مانگی 3ی ساڵی 2014 دەست بە کارکردن کراوە.
 
رەمەزان حاجی رەشید دەڵێت، تەنیا یەک مانگ وەکو مۆڵەت دیاریکراوە، کە پیشەوەران دووکانەکانیان بگوازنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازیی نوێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە