رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی ناحیەی سێوسێنان لە قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت، کەسێک "بە ئەنقەست" سەتان دۆنم زەویی پووش و پاوانی سنوورەکەی سووتاندووە و دوای شەوێک ئازاد کراوە. پۆلیسی دارستانی سنوورەکە دەڵێت، لە یەک مانگدا رووبەرێکی زیاتر لە هەزار دۆنمی سووتاوە و تۆمەتبارەکەش بە فەرمانی دادوەر ئازاد کراوە.
شڤان حەمەلاو، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ناحیەی سێوسێنانە لە قەزای قەرەداخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئابی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەم مانگەدا لە سنووری گوندەکانی ناحیەکەیان "گەنجێک بەناوی بابان بە ئەنقەست ئاگری لە 12 شوێنی جیا بەرداوە و بەهۆیەوە سەتان دۆنم زەویی پووش و پاوان سووتاوە."
شڤان حەمەلاو دەڵێت، ئەو کەسەی ئاگرەکانی ناوەتەوە شەوێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و دواتر ئازاد کراوە. بە گوتەی ئەو، تۆمەتبارەکە ئێستا هەڵاتووە و جاری یەکەمیشی نەبووە زەویی ناوچەکە بسووتێنێت.
لەوبارەیەوە هێمن ئەحمەد، کارگێڕی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناحیەی سێوسێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە یەک مانگی رابردوودا زیاتر لە 1000 دۆنم رووبەری پووش و پاوانی سنوورەکە سووتاوە؛ دەکرێت هۆکاری دیکەش هەبن، بەڵام تەنیا کەس وەکو تۆمەتبار دەستگیر کرابێت ئەو کەسەیە [بابان] لە سنوورەکەدا."
لەبارەی ئازادکردنی تۆمەتبارەکەوە هێمن ئەحمەد گوتی، ئەو کەسە بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و بە فەرمانی ئەویش بە دەستەبەر (کەفالەت) ئازاد کراوە؛ گوتیشی، "ئەو تۆمەتبارەش لە ناوچەکە ماوەتەوە و بۆ هیچ شوێنێک هەڵنەهاتووە."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمساڵ تەنیا لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە 2155 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراون.
پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵی رابردوو 7546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە و 317 هاووڵاتی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە لە سووتان رزگار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ