یونامی: نیگەرانین لە سزادانەوەی شێروان شێروانی و بەدواداچوونی بۆ دەکەین

21-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) دەڵێت، "نیگەرانن" لە دووبارە سزادانەوەی شێروان شێروانی و بەدوداچوونی بۆ دەکەن. راشیگەیاندووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ بپارێزێت".
 
19ـی ئەم مانگە، دادگەی بنەسڵاوە لە هەولێر، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکە زیندانیی بەسەر شێروان شێروانی، چالاکڤانی حکومدراو لە هەرێمی کوردستان سەپاند.
 
لە راگەیێندراوەکەی یونامی، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە بڕیاری دادگای بنەسڵاوە لە رۆژی 19ـی ئابی 2025 بە سزادانی رۆژنامەنووس بەڕێز شێروان شێروانی، بە چوار ساڵ و نیو بەندکردن بە تۆمەتێک، کە ئەو خۆی رەتی کردووەتەوە".
 
لەبارەی هۆکاری نیگەرانییەکەیانەوە یونامی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو سزایەی شێروان شێروانی "رەنگە لە جێگەی خۆیدا نەبووبێت و بەشێوەیەکی ستەمکارانەش درابێت. یونامی لەو باوەڕەدایە، کە دادگای ناوبراو هۆکاری قەناعەتپێکەری بۆ ئەوەی کە پێی دەگوترێت (زەرفی موشەدەد)ـی بەهەند وەرنەگرتبێت".
 
بەگوێرەی یاسا، سزادانەکە دەکرێت تانەی لێ بدرێت. یونامی دەڵێت، لە دادگاییەکەی 19ـی ئاب لەوێ بوون و لە داهاتووشدا بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بەردەوام دەبێت.
 
شێروان شێروانی، کە لە ساڵی 2021ـەوە لە زیندانە، پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نزیکەی نیوە کەمکردبوویەوە و دەبوو لە ئەیلوولی 2023 ئازاد بکرێت.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "یونامی سەرنجی ئەوە دەدات حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ بپارێزێت" داواش لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە دڵنیا بن لەوەی کە دادگاییکردنی تاوانباران بەشێوەیەکی روون و رەوا و بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت.
 
دوای دانیشتنی دادگەی بنەسڵاوە لە 19ـی ئاب، محەممەد عەبدوڵڵا، یەکێک لە پارێزەرەکانی شێروان شێروانی گوتی: "دانیشتنی دادگەکە لەسەر سکاڵای کەسێک بووە بە ناوی رائید دڵدار بە مادەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی".
 
پارێزەر محەممەد عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد: "بەبێ بەڵگەی یەکلاکەرەوە دادگە سزاکەی بۆ ماوەی چوار ساڵ و پێنج مانگ بڕیوەتەوە".
 
بەگوێرەی قسەکانی پارێزەرەکەی شێروان شێروانی گوتی، تانە لە بڕیارەکە دەدەن و گوتی: "هیوادارین لە دادگەی پێداچوونەوە بڕیارەکە هەڵوەشێندرێتەوە".
 
دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگەی تاوانی هەولێر، 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی 6 ساڵ زیندانیکردن سزادا.
 
شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% کەمکرایەوە.
 
دوای فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازادکران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە.
 
لەبارەی هۆکاری چوار ساڵەکەی شێروان شێروانی، ئەو کات رەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە پارێزەرەکانی بە رووداوی گوت: "ساڵی 2022 داوای ئازادکردنی مەرجدارمان بۆ ئەیاد کەرەم، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری و هاریوان عیسا کرد، بەڵام نەکرا و دواتر گوتمان مادەم ناکرێت با بڕیارەکە هەڵبوەشێنینەوە."
 
پارێزەرەکە گوتیشی: "بۆ واژۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە هەموو گیراوان بەدەستی خۆیان واژۆیان کرد، تەنیا گۆهدار زێباری نەبێت کە ئەو کات لە زیندانی تاکە کەسی بوو و داوای کرد شێروان شێروانی لەبری ئەو واژۆ بکات و ئەویش واژۆی بۆ کرد. دادگە لەسەر ئەو بابەتە بە چوار ساڵی دیکە سزای شێروانی دایەوە."
 
دواتر هەر بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو 16ـی ئەیلوولی 2025 ئازاد بکرێت، بەڵام لە 16ـی ئاداردا دادوەر رەتیکردەوە و رایگەیاند، دەبێت شەش مانگی دیکە لە زینداندا بمێنێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.