رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ژنە چالاکڤانێکی مافی مرۆڤ لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە گۆڕستانێکی تایبەت بەو ژنانە کرد، کە بە بیانووی شەرەف، یان بەهۆی تووندوتیژیی خێزانییەوە دەکوژرێن، رووبەڕووی چەندین سکاڵای یاسایی بووەتەوە و داوای دادگاییکردنی دەکرێت.
دوێنێ چوارشەممە، 20-08-2025، بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی مەنار لە پارێزگای زیقار، لە رێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە داوای لە پارێزگاری زیقار کرد سکاڵای یاسایی دژی ژەن چالاکڤان زینەب جەواد تۆمار بکات، بەهۆی لێدوانەکانییەوە کە بە "سووکایەتیکردن بە پارێزگاکە" ناویبردووە.
زینەب جەواد لە رووداو رایگەیاندبوو "لە شاری ناسریە گۆڕستانێک هەیە بە ناوی 'گۆڕستانی گردە پشتگوێخراوەکان' کە تایبەتە بەو ژنانەی لەسەر کێشەی شەرەف یان میرات دەکوژرێن".
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە، "گۆڕستانەکە نزیکەی 70 گۆڕی تێدایە. گۆڕەکان هی ئەو ژنانەن کە بەهۆی تووندوتیژیی خێزانییەوە کوژراون و بەبێ کێلی گۆڕ و بە نهێنی نێژراون. بۆیە چالاکڤانان ناچاربوون بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) وێنەی بگرن."
زینەب جەواد هۆکاری "ئاسانبوونی کوشتنی ژنان"ی بۆ یاساکانی عێراق گەڕاندەوە، بەتایبەتی ماددەی 409ی یاسای سزادانی عێراقی، کە سزای ئەو کەسانە سووک دەکات بە "بیانووی شەرەف" ژن دەکوژن.
هاوکات، عەلا عۆدە لایز، پەرلەمانتاری عێراق، لە نووسراوێکی فەرمیدا داوای لە داواکاری گشتی کرد رێکاری یاسایی دژی زینەب جەواد بگرێتەبەر.
لایز لە نووسراوەکەیدا دەڵێت: "ئەو لێدوانانە درۆن و سووکایەتیی راستەوخۆن بە ناوبانگی شارەکە و دانیشتووانەکەی، رق و کینە بڵاودەکەنەوە و تاوانی ناوزڕاندنە بەپێی ماددەکانی 433، 434 و 435ـی یاسای سزادانی عێراقی".
ئەو پەرلەمانتارە هەروەها زینەب جەوادی بە "بەردەوامبوون لە سووکایەتیکردن بە هێزە ئەمنییەکان، لەنێویاندا حەشدی شەعبی و گومانکردن لە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری" تۆمەتبار کرد.
لە بەرامبەردا، کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە زیقار ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "بوونی گۆڕستانێکی لەو شێوەیە دوورە لە راستییەوە".
پێشتر چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی باسیان لە بوونی گۆڕستانێک لە ناسریە کردبوو بە ناوی "گردی گوناهباران"، کە تایبەت بووە بەو ژنانەی لەسەر کێشەی شەرەف کوژراون و بە شایستەی ناشتن لە گۆڕستانی گشتی دانەنراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ