رووداو دیجیتاڵ
لە زێی گەورەدا دوو مێرمنداڵ خنکان؛ یەکیان لە سنووری ئاکرێ و ئەوەی دیکەش لە سنووری سۆران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمرۆ مێرمنداڵێک لە گوندی بێخمە بەهۆی مەلەکردن لە رووباری زێی گەورەدا خنکا."
مێرمنداڵەکە ناوی یەحیا سدیق مستەفایە و تەمەنی 14 ساڵە.
عەقید ئیبراهیم فەریق گوتی: "خەڵکی گوندی بێخمە تەرمەکەیان دەرهێنایەوە و رەوانەی دادپزیشکی کرا."
هەر ئەمڕۆ و لە زێی گەورەدا، ئەمجارە لە سنووری سۆران مێرمنداڵێکی دیکە خنکا.
رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی گوت، "نزیکی کاژێر 04:00 مێرمنداڵێک لە گوندی شانیک بەهۆی مەلەکردنەوە خنکاوە."
مێرمنداڵەکە ناوی دەرفەت رووبار سەعیدە، تەمەنی 9 ساڵە و دانیشتووی گوندی بلێیە.
بە گوتەی رەوەند هاودیانی، گەڕان بەدوای تەرمەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 50 کەس لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ