دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید دواخرا

21-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە رووداوی راگەیاند، دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، بۆ 28ـی ئەم مانگە دواخرا. 
 
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رۆژی 12ـی ئەم مانگە کاژێر 10ـی شەو، بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کرا. ئەمڕۆ برایە بەردەم دادوەر، بەڵام دانیشتنەکە بۆ 28ـی ئەم مانگە دواخرا.
 
شاسوار عەبدولواحید یەکەم جارە لەسەر ئەم سکاڵایە لەبەردەم دادوەر ئامادە بێت، پەیامنێری رووداو زانیویەتی، ئەمە هۆکاری ئازادنەکردنی بووە بە کەفالەت.
 
پەیامنێری روودا زانیویەتی، شاسوار عەبدولواحید و دوو لە پارێزەرەکانی و شادی نەوزاد، ئەندام پەرلەمانی پێشووی نەوەی نوێ کە سکاڵاکاری سەر سەرۆکی نەوەی نوێیە، لەگەڵ دوو پارێزەرەکەی ئامادەی دانیشتنەکە بووە. 
 
شاسوار عەبدولواحید تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و داوای کردووە لە رێگەی ئەو سیم کارتەی پەیوەندییەکەی پێ کراوە، راستی رووداوەکە ئاشکرا بکرێت. 
 
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کاتی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، بڕیارەکە "سیاسییە" و پەیوەندی بە بانگەوازی شاسوار عەبدولواحید هەبووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان.
 
د. مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ رۆژێک دوای دەستگیرکردنی لە زیندان سەردانی سەرۆکی جووڵانەوەی نوێی کرد و بە رووداوی گوت، شاسوار عەبدولواحید دووپاتیکردووەتەوە کە لەسەر "داوایەکی یاسایی" دەستگیر کراوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە