دەشتی بیتوێن پڕ بووە لە لۆبیا؛ جووتیاران لە زۆریی بەرهەم و کەمیی نرخ سکاڵایان هەیە

22-08-2025
ئەبوبەکر ئیسماعیل
سکاڵای جووتیاران لە کەمیی نرخ
سکاڵای جووتیاران لە کەمیی نرخ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەرزی پێگەیشتنی لۆبیایە و دەشتی بەپیتی بیتوێن لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، رەنگی سەوزی پۆشیوە. لەگەڵ گزنگی بەیانیدا، سەدان کرێکار لەنێو کێڵگەکاندا بڵاودەبنەوە و خەریکی چنینەوەی بەرهەمەکەن، بەڵام ئەم ساڵ زۆریی بەرهەم و کەمیی نرخ، نیگەرانیی لای جووتیاران دروست کردووە.
 
جووتیارێکی خەڵکی تەق تەق، کە چەند ساڵێکە بۆ کاری کشتوکاڵی رووی لە زەوییە بەپیتەکانی دەشتی بیتوێن کردووە، ئەم ساڵ لەسەر رووبەری نزیکەی 50 دۆنم زەوی کە بە کرێی گرتووە، لۆبیای چاندووە و هەلی کاری بۆ زیاتر لە 100 کەس رەخساندووە.
 
کاوە قادر، جووتیارەکەیە و باس لەوە دەکات کە دۆخی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ باش نییە. دەڵێت: ''جووتیاری هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە، بەتایبەت ئەم ساڵ بەرهەم پارەی نەکرد و نەفرۆشرا. نازانم هۆکارەکەی مووچەیە یان شتی دیکە. هیچ ساڵێک وەک ئەم ساڵ جووتیار زەرەرمەند نەبووە. تاوەکو ئێستا ئەو خەرجییەی کردوومانە، پارەکەی بۆ نەگەڕاوەتەوە. سەبارەت بە بەرهەمیش، بەرهەم باشە، بەڵام پارە ناکات.''
 
لۆبیا لە سەرەتای مانگی نیسان دەچێندرێت و لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیران پێدەگات. کرێکارەکان رۆژانە لە کاژێر پێنجی بەیانییەوە تاوەکو 11ی پێشنیوەڕۆ، لە بەرامبەر 15 هەزار دینار کاردەکەن. زۆرینەیان خوێندکار و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن کە لەم وەرزەدا بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان روویان لەم کارە کردووە.
 
هێڤان ئەیوب، خوێندکارە و دەڵێت: ''ژمارەمان زۆرە، نزیکەی 100 بۆ 200 کرێکار دەبین کە بەیانیان لە کۆیەوە دێین بۆ چنینەوەی لۆبیا. ئەم جووتیارانە لە گوندێکی دیکەوە هاتوون و هەلی کاریان بۆ گەنجان رەخساندووە. ئێمە زۆر سوپاسیان دەکەین کە لەم بێ مووچەیی و بێکارییەدا، ئەم کارە باشەیان بۆ دۆزیوینەتەوە.''
 
هاوکات، پێشڕەو زرار، کرێکارێکی دیکەیە و داوا لە حکومەت دەکات پشتگیریی کەرتی کشتوکاڵ بکات. ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەو کرێکارانەی ئێمە دەیانهێنین، بەشی زۆریان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن. داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، ئەگەر لە کەرتی حکومی دایان نامەزرێنن، با پشتگیریی ئەم جووتیارانە بکەن بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ ئەم گەنجانە بڕەخسێنن و خەڵکی هەژار سوودمەند بن.''
 
لە دەشتەکانی بیتوێن ساڵانە دوو جۆر لۆبیا دەچێندرێن: بنج و توول. نرخی یەک کیلۆی بە کۆ لە بازاڕەکاندا لەنێوان 1000 بۆ 1250 دینارە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی راپەڕین، ساڵانە زیاتر لە 600 دۆنم زەوی لە سنوورەکەدا بە لۆبیا دەچێندرێت و بەرهەمەکەی دەگاتە نزیکەی 200 تۆن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.