بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بۆ رووداو: فەرمانی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە لایەن دادگەی لێکۆڵینەوەوە دەرچووە

22-08-2025
رووداو @Rudawkurdish
لاهوور شێخ جەنگی.
لاهوور شێخ جەنگی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی لە لایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی پارێزگای سلێمانییەوە دەرچووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، فەرمانەکە "لە کاتی پێویست و بە گوێرەی پێویست جێبەجێ دەکرێ". 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 22-8-2025 ئارام محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی تایبەتی رووداو تایبەت بە رووداوەکانی سلێـمانی گوتی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل رۆژی پێنجشەممە 21-8-2025 "لە لایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانییەوە دەرچووە، ئەوەش بە گوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی". 
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی گوتی: "بێگومان فەرمانەکە دەستبەجێ وەک رێکارێکی یاسایی بەسەر هێزە ئەمنییەکان و ئەو هێزانەی لە ناوچەکەدان پەخشکرا. ئێمەش وەک هێزی ئەمنی و هێزێکی سەرەکی لە شاری سلێمانی فەرمانەکە گەیشتە دەستمان. فەرمانەکە لە کاتی پێویستدا و بە گوێرەی پێویست جێبەجێ دەکرێ، لەبەرئەوەی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە لایەن دادگەوە پێویستە لە کاتی پێویستدا جێبەجێ بکرێ". 
 
ئارام محەممەد ساڵح گوتی: "پۆلیس و هێزی ئەمنیی تایبەت کە تایبەتن بە جێبەجێکردن، فەرمانەکە لە کاتی پێویستدا جێبەجێ دەکەن"، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە هێزی پۆلیس فەرمانێکی دیکەی لە ئەستۆدایە کە پاراستنی ئارامی و ئاسایشە و هەربۆیەش "ژوورێکی ئۆپەراسیۆنمان پێکهێناوە و سەرجەم هێزەکانمان بەنێو شاری سلێمانیدا پەخش کردووە و و باری ئەمنی شاری سلێمانیش ئاساییە. تەنانەت لە نێو کۆڵانیشدا هێزمان هەیە. لە ئەگەری هەر رووداوێکی نەخوازراودا یان قۆستنەوەی دۆخەکەدا ئەرک و فەرمانەکانی خۆمان جێبەجێ دەکەین و ئەمنییەتی سلێمانی دەپارێزین". 
 
سەبارەت بە مادەی 56 و سزادانی تۆمەتبار لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکە بەسەریدا، ئارام محەممەد ساڵح گوتی: "مادەی 56 لە یاسای سزاکانی عێراقی پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک. سزاکەش زیندانیکردنە بە ماوەیەک کە زیاتر نەبێ لە 7 ساڵ، ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتوون لەسەری تاوانی گەورە بێ. بەندکردنیشە بۆ ماوەیەک لە 2 ساڵ زیاتر نەبێ یان پێبژاردنێک لە 125 هەزار زیاتر نەبێ ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی، کەتن بێ، ئەگەر لە بارێکدا سزایەکی تووندتر یاسایەکی تووندتری بۆ ئەو دۆخە دانەنابێ". 
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "سەرجەم هێزەکان دەمێننەوە تاوەکو کاتێك ئەمنییەتی شاری سلێمانی پێویست بکات و پاراستنی سەر و سامانی هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویست بکات. ئەرکی هێزە ئەمنییەکان بەگشتی و ‌هێزەکانی پۆلیس ئەرکەکەیان 24 کاژێرییە".
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.