رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو، گیانلەدەستدانی کرێکاران کەمبووەتەوە و "لە 7 مانگی رابردوودا 32 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە."
ۆژی پێنجشەممە، 21-08-2025، هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵانە بە دەیان کرێکار لە کاتی کارکردندا گیان لەدەستدەدەن، بەڵام لە ساڵانی دواییدا هەوڵمانداوە زۆربەی مەرجەکانی سەلامەتی بۆ کرێکاران فەراهەم بکەین."
سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێت، ئەو کرێکارانەی لە کاتی کارکردندا گیان لەدەستدەدەن و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە، خێزانەکانیان سوودمەند دەبن، بەڵام داوایان کردووە ئەو کرێکارانەی لە کاتی کارکردندا گیان لەدەستدەدەن و دەستەبەری کۆمەڵایەتیشیان نییە، خێزانەکانیان سوودمەند بن.
بە گوتەی هەنگاو عەبدوڵڵا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 31ـی تەممووز، 32 کرێکاری بیانی و ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرترینیان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بوون و "لەو ماوەیەدا 32 کرێکاریش بریندار بوون."
گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران بەپێی پارێزگاکان لە 7 مانگی رابردوودا بەم شێوەیە بووە:
پارێزگای هەولێر: 7 گیانلەدەستدان و 7 برینداربوون
پارێزگای سلێمانی: 6 گیانلەدەستدان 13 برینداربوون
پارێزگای دهۆک: 7 گیانلەدەستدان و یەک برینداربوون
پارێزگای هەڵەبجە: یەک گیانلەدەستدان
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 4 گیانلەدەستدان و یەک برینداربوون
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 5 گیانلەدەستدان و 8 برینداربوون
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: 2 گیانلەدەستدان و 2 برینداربوون
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، ساڵی 2024 بە گشتی 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە 52ـیان کرێکاری ناوخۆیی و 10ـیان کرێکاری بیانی بوون. هەر لەو ساڵەدا 25 کرێکاری دیکە بریندار بوون، کە 23ـیان ناوخۆیی و دووانیان بیانی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ