چوار رۆژ ماوە و 15%ـی هاونیشتمانیان فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕنەکردووەتەوە

21-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 15%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ فۆڕمی خۆراکیان پڕنەکردووەتەوە. بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسوولەی خۆراک دەڵێن، تەنیا چوار رۆژ کات ماوە و هەرکەس خۆی تۆمار نەکات بەشەخۆراکی مانگانەی رادەگیرێت.
 
لە 2ـی حوزەیرانی 2025ـەوە پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و بڕیاربوو 01ی ئاب دوایین رۆژ بێت، بەڵام درێژکرایەوە بۆ 25ـی ئاب. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت: "داواکارین ئەوەی ماوە ئەم چوار رۆژە دەرفەتە و خۆی تۆمار بکات".
 
لە سنووری هەولێر لە زیاتر لە ملیۆنێک و 984 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ 86%ـی هاونیشتمانیانی سنوورەکەمان خۆیان تۆمارکردووە".
 
هەر ئەمڕۆ، ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ 85%ـی هاونیشتمانیان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە".
 
لە سلێمانی ملیۆنێک و 967 هەزار و 51 هاونیشتمانی بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.
 
ئاراس محەممەد گوتی: "تکا دەکەین ئەوەی ماوە فۆڕمەکە پڕبکاتەوە تەنیا چوار رۆژ دەرفەتە، کاتەکە درێژناکرێتەوە و خۆیان تۆمار نەکەن بەشەخۆراکیان دەبڕدرێت".
 
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لە هەنگاوی دووەمدا لە دوای مانگی ئەیلوولەوە هەرکەس خۆی تۆمار نەکردبێت بە رێگەی دیکە دەتوانێت خۆی تۆمار بکات، بەڵام "ئاڵۆزە، لێپێچینەوە و تێچووی مادیشی دەبێت".
 
لە دهۆک لە زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراک لە سنوورەکە، نزیکەی 80%ـی دانیشتووانی ناوچەکە فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە.
 
زۆرترین پڕکردنەوەی فۆرم لە هەڵەبجە بووە. مەریوان هادی، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕکردنەوەی فۆرم گەیشتووەتە 90%، هۆشداریشیمان پێدراوە کە کاتەکە درێژ ناکرێتەوە و داواکارین ئەوەی ماوە خۆی تۆمار بکات".
 
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، ئەپلیکەیشنێک ئامادەکراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و زانیارییەکانی تێدا تۆمار دەکەیت.
 
تاوەکو ئەمڕۆ خزمەتگوزاری گواستنەوەی فۆرم و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی فۆرمی خۆراک زیادنەکراوە، بڕیارە دوای تەواوبوونی ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە خزمەتگوزارییەکانی دیکە چالاک بکرێن.
 
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە