رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات و بڕیارە ناوی بەربژێرە سەرکەوتووەکان رابگەێیندرێت. بەپێی گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، 260 ئەندامی هەڵبژێردراوی کۆنفرانسەکان بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەدا دەکەن. جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 18ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، "هیچ کێشەیەک لە کۆنفرانسەکاندا دروستنەبووە و کارەکان بە رێکوپێکی بەڕێوەچوون."
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-9-2023، کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە کۆتاییهات و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش تەواو بوو؛ بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ناوی سەرکەوتووان بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی پێنجی حیزبەکە رابگەیێندرێت.
کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکانی یەکێتی کاژێر 8:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 4:00ـی دوای نیوەڕۆ بەردەوام بوو.
بەپێی گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی کە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حیزبەکەی قسەی کردووە، "سێ هەزار و 274 ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو. بڕیارە رێژەیەکی بەرچاوی ئافرەتان بەشداریی کۆنگرە بکەن".
رۆژی پێنجشەممە، 2-3-2023، ئیدریس عادل، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 18ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەزای داقووق لە پارێزگای کەرکووک، لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان کۆتاییهاتووە و بەشێک لە ناوەکان دەرکەوتوون و بڕیارە لە وادەیەکی نزیکدا ئەنجامەکە رابگەیێندرێت، بەڵام کۆنفرانسەکان و هەڵبژاردن بە شەفافی و بێ کێشە کۆتاییان هات و ئازادانە دەنگدرا".
رۆژی 11-9-2023 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروشمی کۆنگرەی پێنجەمی خۆی راگەیاند کە بریتییە لە "نوێگەری لە کاردا؛ کۆدەنگی لە بڕیاردا."
رۆژی 20-08-2023 بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت. رۆژی 27-08-2023 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی کۆنگرە کۆبووەوە.
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، لە تەلاری هونەری ناوەندی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت. بڕیارە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی لە 124 کەسەوە بۆ نیوە کەمبکرێنەوە؛ هەروەها کۆنگرەی پێنج 600 ئەندامی دەبێت.
رۆژی 10-9-2023، تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە بەشێک لە میدیاکانی حیزبەکەی گوت، ئەوانەی دەبنەوە ئەندامی کۆنگرە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئێستا و پێشوو، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی، دەستەی دامەزرێنەران، هێزەکانی پێشمەرگەی 76ن و گوتیشی، دەستکراوە بە فۆرم پێدانیان و ئێستا ناسنامەیان بۆ دروست دەکرێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەساڵی 1975 دامەزراوە، تاوەکو ئێستا چوار کۆنگرەی بەستووە. لە سێ کۆنگرەدا، جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا. لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە لەدوای 44 ساڵ لە دامەزراندنی بۆ یەکەمجار سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو کرا و هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بوونە هاوسەرۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ