رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانەی دمدم لە زاخۆوە زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لە سەرانسەری باشووری کوردستان، قوتابییان دەگەڕێنەوە قوتابخانە و نێو پۆلەکان.
ئەم ساڵ خوێندنی 2025 - 2026ـە؛ نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی لە قوتابخانەکاندا دەخوێنن، 150 هەزار لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردین لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ساڵانە، نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی قوتابییەکانی ئەم ساڵ بە دیاریکراوی رانەگەیێندراوە.
سەبارەت بە ژمارەی قوتابخانەکان، نزیکەی 6000 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان هەن، 57%یان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن و 43%یان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، "سوپاسی مامۆستایان دەکەم کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ، ناخۆشی و بێ مووچەیی بەردەوامییان بە پرۆسەی خوێندن داوە. مامۆستای کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر و دڵسۆز، نەیانهێشتووە پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت."
هەروەها گوتیشی، "خوێندن زۆر پێویستە، بەڵام پەروەردە هێشتا پێویستترە؛ خوێندن زۆر بەرەو پێش چووە و گۆڕانکاریی زۆریش روویداوە. سیستمی ئی پەروەردەش زۆر پێشکەوتوو و گرنگە کە ئێستا بەردەستە."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵانی رابردوو هەوڵی زۆر دراوە قوتابخانەی نوێ دروستبکرێت؛ زیاتر لە 200 قوتابخانە دروستکراون و زیاتر لە 2000 نۆژەن کراونەتەوە، بەڵام هێشتا قوتابخانەی زیاتر پێویستن، "هەوڵمان بەردەوام دەبێت بۆ دروستکردنی قوتابخانە و ناوەندی زانستیی زیاتر."
هەر لە رێوڕەسمەکەدا ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، پڕۆژەی رووناکی بۆ کارەبای 24 کاژێری، هەروەها هەژماری من بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مووچە، کاریگەریی ئەرێنیی باشیان بۆ کەرتی پەروەردە دەبێت.
هاوکات لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەکان لێدرا و بە رێوڕەسمی جیاواز پێشوازی لە قوتابییان کرا.
هەر لە رێوڕەسمەکەدا ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، پڕۆژەی رووناکی بۆ کارەبای 24 کاژێری، هەروەها هەژماری من بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مووچە، کاریگەریی ئەرێنیی باشیان بۆ کەرتی پەروەردە دەبێت.
ـ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ