وەزارەتەکانی پێشمەرگە و دارایی لەبارەی یەکخستنی یەکەکانی 70 و 80 کۆدەبنەوە

21-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی دەڵێ، بڕیارە سبەی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی رێکارەکانی یەکخستنەوەی هەژماری هێزەکانی پێشمەرگە کۆببنەوە.
 
16ی ئەیلوولی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو."
 
رۆژی یەکشەممە، 21ی ئەیلوولی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سبەی وەزارەتەکانی دارایی و پێشمەرگە بە ئامادەبوونی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کۆببنەوە."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا باسی رێکارەکانی جێبەجێکردنی یەکخستنی هەژماریی ژمێرکاریی هێزەکانی یەکەکانی 70 و 80 بکرێ، بەو ئامانجەی هەردووکیان بکرێنە یەک هەژمار."
 
ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەکانی یەکەی 70ـی پێشمەرگەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە بزانین چ میکانیزمێک گونجاوە بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی یەکخستنەوەی هەژماری هێزەکانی پێشمەرگە."
 
دوای کۆبوونەوەکەی 16ی ئەیلوولی 2025 بەرپرسێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو و رێککەوتن کرا."
 
لەبارەی رێککەوتنەکەوە ئەو بەرپرسە گوتی: "بڕیارە ئەم مانگە یەکەی ژمێریاری بۆ هێزی پێشمەرگە بکرێتەوە. کردنەوەی ئەو یەکەیە دەبێتە دوایین قۆناخ بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دوای ئەوە یەکەکانی 70 و 80 دەچنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە."
 
یەکەکانی 70 و 80 دوو هێزی پێشمەرگەن. یەکەی 80 سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و یەکەی 70 سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئەو بەرپرسە گوتیشی: "دوای ئەوەی یەکەی ژمێریاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرایەوە، یەکەکانی 70 و 80 سەر بە پارتی و یەکێتی نامێنن و دەبنە فەرماندەیی دەڤەر و دەچنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باڵەخانەکە

لە ئامەد دایکێک کۆرپە سێ مانگانەکەی لە باڵەخانەیەک فڕێدایە خوارەوە

لە ناوەندی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، دایکێک کۆرپە سێ مانگانەکەی لە نهۆمی چوارەمەوە فڕێدایە خوارەوە، بەهۆیەوە منداڵەکە گیانی لەدەستدا و دایکەکەش دەستگیرکرا.