ئەم ساڵیش بەشە ناوخۆییەکەی زانکۆی سەلاحەدین ناکرێتەوە؛ "زیاتر لە 95%ـی کارەکانی تەواو بووە"

22-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بۆ کاروباری قوتابیان دەڵێت، ئەم ساڵیش بەشە ناوخۆییە نوێیەکەی زانکۆی سەلاحەدین ناکەوێتە خزمەتی خوێندکاران، چونکە کاری کارەبای باڵەخانەکانی ماوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، د. فەرهاد عەلی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بۆ کاروباری قوتابیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "95%ـی کارەکانی تەواو بووە، تەنیا کاری دابینکردنی کارەبا بۆ باڵەخانەکان ماوە لەگەڵ کەلوپەلی ژوورەکان و ئامێرە کارەباییەکان، ئێستا بۆ کارەباکە تەندەرمان راگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدراوەتە هیچ بەڵێندەرێک".
 
بە گوتەی د. فەرهاد عەلی، دوای ئەوەی کاری کارەبای بەشەناوخۆییەکە دەدرێتە بەڵێندەرێک، نزیکەی دوو مانگی پێویستە بۆ تەواوبوونی کارەکانی، پاشان کەلوپەلەکانی بۆ دابین دەکرێت. گوتیشی: "بۆ ئەم ساڵیش بەشە ناوخۆییەکە ناکەوێتە خزمەتی خوێندکاران و کارەکانی تەواو نابن".
 
ئەم بەشە ناوخۆییە دەکەوێتە پشت بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت، لەسەر رێگەی هەولێر – کەرکووک. یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: "بەشە ناوخۆییەکە تایبەتە بە کوڕان، جیاواز لە بەشەناوخۆییەکانی دیکە لە چوار بلۆک (باڵەخانە) پێکدێت و دیزاینی بیناسازییەکەی بە شێوازێکی پێشکەوتوو و مۆدێرن کراوە."
 
تێچووی بەشەناوخۆییەکە دوو ملیار و 600 ملیۆن دینارە. د. فەرهاد عەلی گوتی: "دوای تەواوبوونی، خوێندکارانی بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت دەگوازرێنەوە بۆ ئەوێ؛ ئەوکات بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت نۆژەن دەکرێتەوە، کە 15 بۆ 16 ساڵە نۆژەن نەکراوەتەوە".
 
نیسانی ئەم ساڵ، ئەندازیار هۆشەنگ مستەفا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، بە رووداوی گوت: "بەشە ناوخۆییەکە لە 420 ژوور پێکدێت، هەر ژوورێک 4 خوێندکاری تێدا دەبێت و توانای لەخۆگرتنی 1680 خوێندکاری دەبێت."
 
بەشەناوخۆییەکەی زانکۆی سەلاحەدین لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی دانراوە و ماوەی دوو ساڵی بۆ دانرا بوو، بەڵام پێشتر بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی گوژمەی پێویستەوە کارەکانی راگیران. 
 
زانکۆی سەلاحەدین لە 16 کۆلێژ پێکدێت. بەگوێرەی ئاماری زانکۆکە، ساڵانە نزیکەی 27 هەزار خوێندکار لەو زانکۆیەدا دەخوێنن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.