رووداو دیجتاڵ
سوپاسالاری عێراق لە سەردانێکی مەیدانیدا، یەکەکانی فەرماندەیی فیرقەی 14ـی پیادە لە مەخموور و چیای قەرەچووخ بەسەرکردەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سوپاسالاری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2023، فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا سوپاسالاری عێراق، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە مەخموور و یەکەکانی سەر بە هێزی فەرماندەیی فیرقەی 14ـی پیادە لە مەخموور و چیای قەرەچووخ بەسەرکردەوە، دوای ئەوەی گەریلاکانی پەکەکە، ئەم ناوچەیەیان بۆ هێزەکانی سوپای عێراق چۆڵکرد.
لەم سەردانەی هەریەک لە یاریدەدەری سوپاسالاری عێراق بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان، فەرماندەی هێزەکانی پیادە، بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیی و ئەمینداری گشتیی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا یاوەری عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا کرد و لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا و فەرماندەی فیرقەی 14 پێشوازییان لێکرا.
دوای کۆبوونەوەکە، یارەڵڵا و فەرماندە سەربازییەکان سەردانی چیای قەرەچوخ و خاڵی یەکلاکەرەوەی سنوور لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بەسەرکردەوە و رێنمایی بە فەرماندە سەربازییەکاندا بۆ درێژەدان بە هاوئاهەنگی و هاوکارییەکان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە پێناو پاراستنی ناوچە هاوبەشەکان و سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری. هەروەها سوپاسالار فەرمانیدا بە پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی لە ژمارەی سەربازەکان و پێداویستییە لۆجیستییەکان بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری توانای شەڕکردن و بایەخدان بە بوارە کارگێڕییەکان دوای وەرگرتنەوەی ئەم ناوچانە.
رۆژی 19-10-2023، هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لەسەر چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە کە بەپێی رێککەوتنێک لەلایەن سوپای عێراق وەرگیرایەوە.
بەرپرسێکی سوپای عێراق لەو ناوچەیە بە رووداوی گوت، "ئەو چوار خاڵەمان وەرگرتەوە کە پێشتر بۆ چاودێریکردنی کەمپەکە لەسەر چیای مەخموور و پاراستنی دروستکرابوون و نزیکەی 10 ساڵ دەبێت ئەو خاڵانە هەن، جگە لە خاڵەکان ژمارەیەک تونێلیش وەرگیراونەتەوە."
هەمان رۆژ، فیرقەی 14ـی هێزەکانی سوپای عێراق هێزێکی لە دەورووبەری کەمپی رۆستەم جودی لە مەخموور بڵاوکردووەتەوە بۆ "پاراستنی کەمپ" و ئێستا کەمپەکە لەژێر چاودێریی سوپادایە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو چوار خاڵانەی وەرگیراونەتەوە بەهۆی ترسیان لە هێرشی ئاسمانییەوە، کە ساڵێک زیاترە لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە چۆڵکراون، بەڵام ناوە ناوە بەکارهێندراوەتەوە، پێشتر لە هەر خاڵێکدا لەنێوان 8 بۆ 15 کەس هەبوون، لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2014، سوود لەو خاڵانە وەرگیرا بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش.
بەرپرسێکی هێزەکانی پێشمەرگە لە قەزای مەخموور، لەبارەی رادەستکردنەوەی ئەو چوارخاڵەوە رایگەیاند: "ئەو خاڵانە بەپێی رێککەوتن رادەستکراونەتەوە و سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کەمپەکە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق."
فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023) رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لە کەمپی مەخمورەوە کشاندووەتەوە بۆ ناوچەکانی پاراستنی میدیا کە مەبەست لێی قەندیل و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستانە و دەڵێ "ئێستا لەو کەمپەدا هیچ هێزێکیان نییە".
کشانەوەی گەریلا لە کەمپی مەخموور بە گوتەی پەکەکە لە کاتێکدایە، لەم مانگەدا کەمپی مەخموور دوو جار لەلایەن تورکیاوە بۆردوومانکراوە.
ئێوارەی رۆژی 07-10-2023 دوو مووشەک ئاراستەی کەمپەکە کران، لە ئەنجامدا ژنێک و دوو منداڵ بە سووکی بریندار بوون. هەروەها رۆژی 13ی ئەم مانگە لە ئەنجامی بۆردوومانی کەمپەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئافرەتێکی تەمەن 50 ساڵ بریندار بوو.
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ