رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵ، ژمارەی بەنزینخانەکان لە شاری هەولێر کە بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنزین دەفرۆشن و لیتری دەدەنە 750 دینار، ژمارەیان زیادکرا بۆ نزیکەی دوو هێندە. قایمقام دەڵێ، سبەی ژمارەکە زیاتر دەبێ.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزین دەدەنە 750 دینار کرایە 30 بەنزینخانە".
دوێنێ 16 بەنزینخانە لە شاری هەولێر بەنزینی 750 دیناریی حکومییان دەفرۆشت.
قایمقامی هەولێر دەڵێ: "سبەی ژمارەی بەنزینخانەکان زیاتر دەبن لە 30 بەنزینخانە، ئەوەش لەپێناو ئەوەدایە ئەو قەرەباڵخییەی بۆ بەنزینی حکومیی هەبوو نەمێنێ و شۆفێران زیاتر سوودمەندبن".
ماوەی هەفتەیەکە لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە 900 دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 950 دینار.
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان بەنزینی موحەسەن و سوپەریش هەن و بازرگانین، ئەوان لیتریان لەنێوان هەزار و 50 دینار بۆ هەزار و 400 دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ