خوێندنی باڵا: پلانی وەرگرتن لە پارالێڵ هاوشێوەی پارە و کۆی داهاتەکەی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە

21-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێ، پلانی وەرگرتنی خوێندکاران لە پارالێڵ هاوشێوەی پارە و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، داهاتی پارالێڵ بۆ گەنجینەی حکومەت دەگەڕێتەوە.
 
خوێندنی پارالێڵ لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بە پارەیە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکرێ "ساڵانە وەرگرتن لە پارالێڵ زیاد دەکات".
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەرگرتنی خوێندکاران لە پارالێڵ زیادی نەکردووە و هاوشێوەی ساڵی رابردووە".
 
وەرگرتنی قوتابیان لە پارالێڵ بە گوێرەی کۆلێژەکان جیاوازە، لە 10%ـەوە دەستپێدەکات و هەندێک کۆلێژ دەگاتە 30%.
 
توانا نەجەف دەڵێ: "بەگوێرەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داهاتی پارالێڵ 70%ـی بۆ زانکۆکە دەبێ و 30%ـی بۆ گەنجینەی حکومەت، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی پارەی کاشەوە، تەواوی پارەکە دەگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "لە بنەڕەتدا داهاتی پارالێڵ بۆ خزمەتی خوێندکاران خەرج دەکرێتەوە، بۆ نموونە لە گشتییدا 8 خوێندکار دەخوێنن و دوو لە پارالێڵ، داهاتی دوو خوێندکارەکە بۆ پێداویستی هەشتەکەی دیکەش خەرج دەکرێتەوە".
 
لە کەرتی گشتیی خوێندندا دابینیکردنی کورسی خوێندن و بەشەنێوخۆیی بۆ خوێندکارانی زانکۆ بێ بەرامبەرە و حکومەتی هەرێمی کوردستان سوود لە پارەی پارالێڵ وەردەگرێت بە خەرجکردنەوەی بۆ زانکۆکان.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم ساڵ 50 هەزار و 862 قوتابی لە دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان وەرگرت، لەو ژمارەیە 44 هەزار و 339 دەرچووی ئەم ساڵ بوون 6 هەزار و 523 دەرچووی ساڵانی رابردوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.