رووداو دیجیتاڵ
بازرگانێکی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر دەڵێ، نرخی هەر ئۆتۆمبێلێکی نوێ 3 بۆ 4 هەزار دۆلار دابەزیوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمیی نرخی ئۆتۆمبێلی دروستکراوی چین و خواستیی زۆریی خەڵک لەسەریان. وەزارەتی ناوخۆ لە رێنماییەکانیدا داوا دەکات، "ئاسانکاری" بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بکرێ و چەند مەرجێکیشی بۆ هاوردەکردن دیاریکردووە.
موزەفەر سوورچی، خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێل لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بەردەوام روو لە دابەزینە. لە مانگی پێنجەوە هەر ئۆتۆمبێلێک 3 بۆ 4 هەزار دۆلار لە نرخەکەی دابەزیوە".
ئەو بازرگانەی ئۆتۆمبێل گوتی: "بە تێكڕا نرخەکە هێندە دابەزیوە، ئەگەرنا ئۆتۆمبێل هەیە 7 بۆ 8 هەزار دۆلار لە نرخەی دابەزیوە".
لەبارەی هۆکارەکەیەوە موزەفەر سوورچی گوتی: "ئۆتۆمبێلی چینی هۆکاری دابەزینی نرخە".
موزەفەر سوورچی گوتی: "کە دەڵێین ئۆتۆمبێلی چینی مەبەست ئەوە نییە کە تۆیۆتا هەیە، بۆ نموونە، تەنیا بەستنەکەی لە چینە. مەبەستمان ئەوانەیە کۆمپانیاکانیان چینین و بەرهەمیان هەرزانە".
بەگوتەی موزەفەر سوورچی، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەهۆی کەمیی نرخەوە ئۆتۆمبێلی چینی زۆرترین کڕیاری هەیە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو لە خاوەن پێشەنگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی چینی، ئۆتۆمبێلی دروستکراوی ئەو وڵاتە هەیە ساڵی دروستکردنی 2025ـە و کاری پێنەکراوە بە 8 هەزار و 700 دۆلار دەفرۆشرێ، لەکاتێکدا هەمان جۆر و دیزاینی ئەو ئۆتۆمبێلە دروستکراوی کۆمپانیاکانی دیکە زیاتر لە دوو هێندەی ئەو نرخەیە.
بە گوتەی ئەو بازرگانەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، لەکاتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان رەچاوی هەندێک مەرج ناکرێ و دەڵێ: "ئۆتۆمبێلی هایبرێد هاتووە پاترییەکەی تاقینەکراوەتەوە، دەپرسین لە رێگەپێدانی هاوردەکردندا رەچاوی سیستمی ئۆتۆمبێلەکە دەکرێ کە رێگەی هاوردەی پێ دەکرێ؟"
مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل
لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێنمایی ساڵی 2021ـی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێل هاوردە دەکرێ و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، "ئاسانکاری"بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بکرێ.
لە مادەی 11ـی رێنمایی ساڵی 2021ـی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلدا هاتووە: "وەزارەتی ناوخۆ ئامێری سکانەر لە دەروازە سنورییەکانی (پەروێزخان، باشماخ، ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران) دادەنێ بەمەبەستی پشکنینی هەموو ئۆتۆمبێلێکی هاوردەکراو".
لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو پشکنینی سەلامەتی بۆ دەکرێ کە بۆ ئۆتۆمبێلی بەکارنەهاتوو 120 هەزار دینار و بەکارهاتووش 180 هەزار دینار وەردەگرن.
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک مەرج بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دانراون کە ئەمانەن:
- ژێر ئاوکەوتوو، سووتاو و بڕاوە نەبێ.
- شانسییەکەی نەبڕابێتەوە.
- تۆکمەی دەرگە یان بنمیچی بڕاوە نەبێ.
- گشت ئێیرباگەکانی پێش تۆمارکردن کاربکات.
- شانسییەکەی یان بنمیچەکەی لەحیم نەکرابێ.
- هەردوو ئێیەرباگی شۆفێر و تەنیشتەکەی کار بکات.
- ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو دوو مۆدێل کۆنتر لە مۆدێلی ساڵ رێگەپێدراوە تاوەکو 01ـی مانگی 11.
- ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک هاوردە دەکرێن دەبێت راپۆرتی (کار فاکس)یان بۆ بکرێ.
- ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەو وڵاتانەی هاوردە دەکرێت کە سیستمی کارفاکس پەیڕەو ناکرێت [وڵاتی چین ئەو سیستمە پەیڕەو ناکات] داوای راپۆرتی ئەو وڵاتە بکرێت کە کاری پێدەکرێت، دواتر لە دەروازەکان پشکنینی کواڵیتی بۆ بکرێ.
- بڕوانامەی COC بۆ ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو دەبێت لەو وڵاتەی کە لێی هاوردەکراوە بۆ هەرێمی کوردستان یان لە خاڵە سنوورییەکان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ