ئیمارات و هەرێمی کوردستان 30 دەستپێشخەریی هاوبەش لە بواری بەڕێوەبردنی دیجیتاڵی رادەگەیێنن

21-10-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئیماراتی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا 30  دەستپێشخەریی هاوبەشیان لە بواری شێوازی بەڕێوەبەردنی دیجیتاڵی و دەرخستنی تواناکانیان راگەیاند.
 
رۆژی سێشەممە، 21-10-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای دەوڵەتی ئیمارات کرد. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا ناسر لوتا، یاریدەدەری وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و کێبڕکێ، بەمەبەستی پەرەپێدانی هاریکاریی دوولایەنە و بەشداریکردنی شارەزایی حکومی، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.
 
مەسرور بارزانی سوپاسی دەوڵەتی ئیمارات و شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات و شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی کرد بۆ پشتیوانیی ئەنجامدانی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی حکومی و بەشداریکردنی شارەزایییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیاندا، هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی هاریکارییەکان کردەوە و زیاتر لە 30 دەستپێشخەریی هاوبەشیان راگەیاند.
 
ئەو دەستپێشخەرییانە بە سوودوەرگرتن لە شارەزایی ئیمارات لە بوارەکانی سیستمی بەڕێوەبردن و بەرزکردنەوەی ئاستی حکومی جێبەجێ دەکرێن. یەکێک لە دەستپێشخەرییە سەرەکییەکان بریتییە لە دابینکردنی داشبۆردێکی ناوەندی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە چاودێریی پێشکەوتنەکان لە هەموو وەزارەتەکاندا دەکات و بڕیاردان باشتر و بەرپرسیاریێتی بەهێزتر دەکات.
 
هەروەها "دەستپێشخەرییەکی گرنگ" بەناوی (کۆدنووسانی کوردستان) راگەیێنرا. ئەم پڕۆژەیە ئامانجی راهێنانی 30 هەزار گەنجە لە بوارەکانی کۆدنووسین، زیرەکیی دەستکرد (AI) و شارەزایی دیجیتاڵی، کە بەمەش توانای نەوەی داهاتووی داهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان بەهێزتر دەکرێت.
 
حکومەت دەڵێت: شاندی ئیماراتی تیشکیان خستە سەر ئامانجی سەردانەکەیان کە دەستنیشانکردنی بوارەکانی هاوکاریی دوولایەنەیە. ئەو بوارانە بریتین لە ستراتیژیی دیجیتاڵکردنی حکومەت، پێشبینیی داهاتوو، وەبەرهێنان و ئابووری، چاودێریی تەندروستی، گۆڕانی کەشوهەوا، فڕۆکەوانی و پێشخستن و بنیاتنانی توانا مرۆییەکان.
 
هەردوولا هیواخوازن کە ئەم سەردان و دەستپێشخەرییانە، پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیمارات زیاتر بەهێز بکات.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە