توێژینەوەی رێکخراوێک لە ئەڵمانیا: لە هەرێمی کوردستان دان بە چەند ئایینێکدا نراوە لە عێراق قەدەخەن

21-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوێکی فریاگوزاریی کاسۆلیکی، کە بارەگای سەرەکی لە ئەڵمانیایە، هۆشداریی دا لەوەی هەڕەشەکان لەسەر ئازادیی ئایینی لە سەرانسەری جیهاندا لە زیادبووندان و رایگەیاند، نزیکەی 5.4 ملیار کەس لەو وڵاتانەدا دەژین کە پێشێلکاریی جیدیی ئازادیی ئایینییان تێدا روودەدات.
 
راپۆرتەکە بە وردی باسی لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان دان بە چەند ئایینێکدا دەنێت، کە لەسەر ئاستی فیدراڵی قەدەخە کراون، بەڵام کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاکان و کێشەی موڵکداری، نیگەرانیی نوێی بۆ کەمینەکان دروستکردووە. هاوکات راپۆرتەکە وێنەیەکی تاریکی لەسەر دۆخی ئێران کێشاوە و بە یەکێک لە خراپترین وڵاتەکانی دادەنێت بۆ کەمینە ئایینییەکان.
 
رۆژی سێشەممە 21-10-2025 رێکخراوی Aid to the Church in Need (ACN) راپۆرتی ئازادیی ئایینی لە جیهاندا لە 2025 رایگەیاند، دۆخی گشتی لەدوای دوایین راپۆرتیان لە ساڵی 2023وە باشتر نەبووە، هۆکارەکەشی بۆ "زیادبوونی دەسەڵاتخوازی، تووندوتیژیی جیهادی و ناسیۆنالیزمی ئایینی" گەڕاندەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، 24 وڵات لەنێویاندا ئێران، چین، هیندستان، نایجیریا و کۆریای باکوور، لە خراپترین پۆلێندا دانراون کە "چەوساندنەوە"یە. 38 وڵاتی دیکە، لەنێویاندا عێراق، سووریا، میسر، تورکیا و مەکسیک لە پۆلێنی "جیاکاری"دان و 24 وڵاتی دیکەش وەک "لەژێر چاودێری"دا پۆلێنکراون.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بە "بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو" لە تاوانەکانی رقی دژەجوو و دژەموسڵمانان کردووە، بەتایبەتی لە ئەورووپا و ئەمریکا، لەدوای هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هەڵگیرسانی جەنگی غەززە.
 
یەکێک لە دەرەنجامە نوێیەکانی راپۆرتەکە، بەکارهێنانی ژیریی دەستکردە بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی ئایینی. راپۆرتەکە دەڵێت، "لە وڵاتانی وەک چین، کۆریای باکوور و پاکستاندا، حکومەتەکان و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش ئامرازە دیجیتاڵییەکان بۆ سانسۆرکردن، تۆقاندن و تاوانبارکردنی باوەڕداران بەکاردەهێنن."
 
دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق
 
راپۆرتەکە بە وردی باسی لە دۆخی ئازادیی ئایینی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و جیاوازی و لێکچوونەکانی نێوانیانی خستووەتەڕوو.
 
هەرێمی کوردستان
 
بەپێی راپۆرتەکە، هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک ناوچەیەکی لێبووردەتر سەیر دەکرێت بۆ فرەیی ئایینی بەراورد بە عێراقی فیدراڵی.
 
راپۆرتەکە لەبارەی هەرێمی کوردستان ئەم خاڵانەی تێدایە
 
• دانپێدانانی یاسایی: هەرێمی کوردستان بە یاسا دان بە چەند ئایینێکی کەمینەدا دەنێت، کە لە یاسای فیدراڵیی عێراقدا قەدەخەکراون یان دانیان پێدانەنراوە، لەوانەش بەهایی، زەردەشتی و کاکەیی (یارسان). ئەم کۆمەڵگەیانە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا ئازادیی یاسایی تاڕادەیەک بەرچاویان هەیە.
 
• کورسیی کۆتاکان و نوێنەرایەتیی سیاسی: راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێشتر 11 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان تەرخانکرابوو، بەڵام بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدراڵی لە شوباتی 2024دا سیستمی کۆتای هەڵوەشاندەوە. دواتر لە مانگی ئایاردا، تەنیا پێنج کورسی بۆ کریستیان و تورکمانەکان گەڕێنرایەوە و ئێزدی، شەبەک و سابیئەی مەندائییەکانی لێ بێبەشکران. ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتیی فراوانی گرووپە ئاشووری و کریستیانەکان.
 
• کێشەکانی موڵکداری و جیاکاری: نیگەرانییەکانی کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندان، لەوانەش کێشەی موڵکداریی چارەسەرنەکراوی پەیوەست بە زەوی و باڵەخانەکانی کریستیانەکان، هەروەها ئەو راپۆرتانەی باس لە دەستوەردانی میلیشیاکان لە خاڵەکانی پشکنین و سنووردارکردنی جووڵەی جووتیارە کریستیانەکان. هەروەها پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوێک لە دۆڵی نەهلا لە سنووری پارێزگەی دهۆک، مەترسیی ئاوارەبوونی بۆ کۆمەڵگە کریستیانە ئاشوورییەکان و زیانگەیاندنی بە شوێنەوارە مێژووییەکان دروستکردووە.
 
• دەستپێشخەرییەکان و ئاوارەکان: سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، راپۆرتەکە ئاماژەی بە هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ پاراستنی ناسنامەی کەمینەکان، وەک دەستپێکردنی کەناڵی ئەلسریانیە و کردنەوەی ناوەندێکی پاستۆراڵی کاسۆلیکی لە دهۆک. لە هەمان کاتدا، هەرێمی کوردستان میوانداریی دەیان هەزار ئاوارەی کریستیان و ئێزدی دەکات، کە زیاتر لە 200 هەزار ئێزدی هێشتا لە کەمپەکاندان و زیاتر لە 2,600 کەسیشیان لەدوای جینۆسایدی داعشەوە بێسەروشوێنن.
 
عێراق
 
راپۆرتەکە دەڵێت، هەرچەندە دەستووری 2005ـی عێراق دان بە ئازادیی بیروباوەڕدا دەنێت، بەڵام لە کردەوەدا، یاسا و سیاسەتەکان بەهای ئیسلامی لەپێشتر دادەنێن و گۆڕینی ئایین لە ئیسلامەوە قەدەخەکراوە.
 
• قەدەخەکردنی ئایینەکان: ئایینەکانی بەهایی، کاکەیی و زەردەشتی لەسەر ئاستی فیدراڵی قەدەخەکراون و شوێنکەوتووانیان ناتوانن مافە مەدەنییە تەواوەکان وەک ناسنامە و تۆمارکردنی هاوژینی بەدەستبهێنن.
 
• کحول و بژێوی: درێژکردنەوەی قەدەخەی کحول لە تشرینی دووەمی 2024دا بۆ هۆتێل و یانەکان، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بژێویی کریستیان و ئێزدییەکان کردووە، کە پێشتر بۆ مانەوەی ئابوورییان، بازرگانییان بە کحولەوە دەکرد.
 
• کاردانەوەی بڕیاری سەرۆکایەتی دژی پاتریارک ساکۆ: راپۆرتەکە هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 147ـی لە تەممووزی 2023دا بە "هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئازادیی ئایینی" وەسفکرد، کە دانپێدانانی فەرمیی کاردیناڵ لویس ساکۆی وەک پاتریارکی کلدانەکانی هەڵوەشاندەوەو بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان و تۆمەتبارکردنی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران (وەک بزووتنەوەی بابلیون) بە دەستوەردانی سیاسی. هەرچەندە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە حوزەیرانی 2024دا مەرسوومەکەی گەڕاندەوە، بەڵام رووداوەکە بووە هۆی لەدەستدانی متمانە.
 
• مەترسیی میلیشیاکان و داعش: راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی لیوای بابلیون، بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر کریستیانەکان لە دەشتی نەینەوا و پاتریارک ساکۆ داوای کشاندنەوەی میلیشیاکانی کردووە. هاوکات بەپێی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، چالاکییەکانی داعش لە ساڵی 2024دا دوو هێندە بووە بە بەراورد بە 2023.
 
دۆخی ئێران: چەوساندنەوەی سیستماتیکی کەمینەکان
 
راپۆرتەکە وێنەیەکی تاریکی لەسەر دۆخی ئازادیی ئایینی لە ئێران کێشاوە و بە یەکێک لە خراپترین وڵاتەکانی دادەنێت بۆ کەمینەکان.
 
• چوارچێوەی یاسایی: دەستووری ئێران تەنیا دان بە سێ کەمینەی ئایینی؛ زەردەشتی، جوو و کریستیاندا دەنێت و ئازادییەکی زۆر سنوورداریان پێدەبەخشێت. گۆڕینی ئایین لە ئیسلامەوە، هەرچەندە بە روونی لە یاسای سزاداندا تاوان نییە، بەڵام بەپێی شەریعەت سزای لەسەرە و دەبێتە هۆی دەستگیرکردن و بێبەشبوون لە مافە مەدەنییەکان.
 
• بەهاییەکان، ئامانجی سەرەکی: بەپێی راپۆرتەکە، بەهاییەکان "ئامانجی سەرەکیی" پێشێلکارییەکانن و 85٪ـی هەموو پێشێلکارییەکانی مافی کەمینەکانیان لە ساڵی 2023دا بەرکەوتووە. زیاتر لە 1,200 بەهایی دادگایی کراون یان سزادراون و رووبەڕووی دەستبەسەرداگرتنی زەویوزار و داخستنی کارەکانیان بوونەتەوە.
 
• کریستیانەکان و هەڵگەڕاوەکان: ئەو کەسانەی لە ئیسلامەوە دەبن بە کریستیان رووبەڕووی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، هەڵکوتانە سەر کەنیسەکانی ماڵان و سزای زیندانیی درێژخایەن دەبنەوە. لە ساڵی 2024دا بەلایەنی کەمەوە 139 کریستیان دەستگیرکراون.
 
• سوننەکان و کەمینەکانی دیکە: سوننەکان، بەتایبەتی لە سیستان و بەلوچستان و ناوچە کوردییەکان، رووبەڕووی جیاکاری و دەستگیرکردنی مامۆستایانی ئایینی دەبنەوە. راپۆرتەکە ئاماژەی بە لەسێدارەدانی رەزا راسایی کردووە، کە یارسان (کاکەیی) بوو، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکاندا.
 
• حیجاب و چەوساندنەوەی رەگەزی: دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، سەپاندنی حیجاب تووندتر بووەتەوە و ژنان رووبەڕووی سزا، لێدان و زیندانیکردن دەبنەوە. راپۆرتەکە ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی ئارمیتا گەڕاوەند و دەرچوونی "یاسای حیجاب و پاکیزەیی" کردووە، کە سزای تووندتر لەخۆدەگرێت.
 
• جووەکان: سەرەڕای دانپێدانانی فەرمی، راپۆرتەکە ئاماژەی بە لەسێدارەدانی ئارڤین قەهرەمانی کردووە، کە گەنجێکی جوو بوو کە بە تۆمەتی کوشتنی موسڵمانێک لە حاڵەتی بەرگری لەخۆکردندا، لەسێدارە درا.
 
بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی ئایینی
 
یەکێک لە دەرەنجامە نوێ و مەترسیدارەکانی راپۆرتەکە، تیشک خستنە سەر بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و ئامرازە دیجیتاڵییەکانی دیکەیە وەک چەکێک بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی ئایینی. 
 
راپۆرتەکە دەڵێت، ئەم تەکنەلۆژیایانە بۆ "چاودێریکردن و سزادانی گوزارشتی ئایینی" بەکاردەهێنرێن.
 
بەپێی راپۆرتەکە، "لە وڵاتانی وەک چین، کۆریای باکوور و پاکستاندا، حکومەتەکان و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش ئامرازە دیجیتاڵییەکان بۆ سانسۆرکردن، تۆقاندن و تاوانبارکردنی باوەڕداران بەکاردەهێنن، بەمەش باوەڕی ئایینی بۆ هەڕەشەیەکی ئەمنیی پێشبینیکراو دەگۆڕن." 
 
رێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە "تواناکانی ژیریی دەستکرد بۆ مەبەستی دەستکاریکردن زۆر گەورەن،" کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێ و تەکنەلۆژیی چەوساندنەوەی ئایینی لە جیهاندا.
 
لەبارەی رێکخراوەکە
 
رێکخراوی ACN رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی فریاگوزاریی کاسۆلیکییە، کە ساڵانە پشتیوانیی دارایی بۆ زیاتر لە پێنج هەزار پڕۆژە لە سەرانسەری جیهاندا پێشکەش دەکات.
 
سكرتاریەتی گشتی و بارەگای سەرەکیی پڕۆژەکانی رێکخراوەکە لە شاری کۆنیگشتاینی ئەڵمانیایە. 
 
بە هەبوونی 23 نووسینگە، رێکخراوەکە لە نزیکەی 140 وڵاتی جیهاندا هاوکاری پێشکەش بە کۆمەڵگە کاسۆلیکییەکان دەکات. دامەزراوەکە لە ساڵی 2023دا، بە بڕی 143.7 ملیۆن یۆرۆ پشتیوانیی دارایی 5,573 پڕۆژەی لە 138 وڵاتدا کرد و لە ساڵی 2024دا، بە بڕی 129.4 ملیۆن یۆرۆ پشتیوانیی دارایی 5,335 پڕۆژەی لە 138 وڵاتدا کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.