دهۆک و بادن ڤویرتمبێرگی ئەڵمانیا رێککەوتنی دەستەخوشکییان نوێکردەوە

21-10-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
نوێنەرانی هەردوو شارەکە لەکاتی راگەیاندنی نوێکردنەوەی دەستەخوشکییەکەیان.
نوێنەرانی هەردوو شارەکە لەکاتی راگەیاندنی نوێکردنەوەی دەستەخوشکییەکەیان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دهۆک و بادن ڤورتمبێرگی ئەڵمانیا دەستەخوشکن. پارێزگاری دهۆک دەڵێ، رێککەوتنەکە 10 ساڵە بەردەوامە و 3 ساڵی دیکەش درێژکرایەوە. بەرپرسێکی ئەڵمانیاش دەڵێت: "دەمانەوێ لە پێگەیاندن و راهێنانی پیشەیی و بواری دیکەدا هاوکاری یەکدی بین."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی 10ی 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "رێککەوتنی نێوان دهۆک و بادن ڤورتمبێرگی ئەڵمانیا درێژکرایەوە و بڕیارە وەک پێشتر هاوکاریی مرۆیی پێشکێشی پەنابەر و ئاوارەکان بکەن."
 
10 ساڵە رێککەوتنێک لەنێوان پارێزگای دهۆک و بادن ڤویرتمبێرگ واژۆکراوە و بە ئامادەبوونی شاندێکی هەرێمەکەش پارێزگاری دهۆک درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەی بۆ سێ ساڵی دیکە راگەیاند. شاندە ئەڵمانییەکە پێکهاتوون لە فلۆریان هاسلەر، وەزیری هەرێم بۆ هاوئاهەنگی سیاسی، کاروباری ئەورووپا و نێودەوڵەتی لەگەڵ سێ پەرلەمانتار و کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان. 
 
لەبارەی بەندەکانی دیکە رێککەوتنەکەوە، عەلی تەتەر گوتی: "هاوکاریی ئەکادیمیش بڕیاری لێدراوە؛ زانکۆکانی دهۆک و بادن ڤورتمبێرگ لە گەلێک دەرفەت و پێشکەوتنی باشدا هاوکاریی یەکدی دەکەن."
 
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەدا کە "ئەو هەرێمە بووەتە هۆی ئەوەی لە رووی پەنابەر و ئاوارەکانەوە یارمەتیدەر بن و باری سەر پارێزگاکە سووک بکەن."
 
لە رێککەوتنەکەدا واژۆ لەسەر هاوکاریی بواری کولتووری، وەرزشی، ئابووری، کشتوکاڵی، پیشەسازی و ئاڵوگۆڕی کەلوپەل کراوە.
 
هەر لە کۆنفرانسەکەدا فلۆریان هاسلەر، وەزیری هەرێم بۆ هاوئاهەنگی سیاسی، کاروباری ئەورووپا و نێودەوڵەتی گوتی: "لە ساڵانی رابردوودا لەگەڵ دهۆک هاوکار و هاوئاهەنگ بووین؛ دۆستایەتی لەو پێکەوە کارکردنە دروست بووە."
 
ئەو نوێنەرەی ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد، یەکەمجار لە ساڵی 2015دا هاوکاریی کۆمەڵێک ژن و منداڵی کوردی ئێزدییان کرد و ئاماژەی بەوەشکرد: "خۆشحاڵین بەم رێککەوتن و هاوبەشییە؛ دەمانەوێ ئەو بوارانەی پارێزگاری دهۆک باسی کردن، هاوکار بین."
 
نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لە کۆنفرانسەکەدا لەو بەرپرسە ئەڵمانییە پرسی: "کۆمەڵێک پەنابەر هەن کە خۆیان لە ئەڵمانیان و هاوژینەکانیان لێرەن، بۆچی ڤیزەیان پێنادرێ یان کاتی پێدانی ڤیزەکە زۆری پێدەچێت؟" فلۆریان هالسەر گوتی: "پێش هەموو شت، ئەو کەسانەی خۆمان وەرمانگرتوون، پرسی ناردنەوە ئەوان ناگرێتەوە."
 
گوتیشی: "دەزانین خەڵکێکی زۆر روویان لە ئەڵمانیا کردووە و کێشەی داننان بە مامەڵەی پەنابەرییان هەیە بەهۆی کەیسەکانیانەوە. هەندێکیان کێشەی یەکگرتنەوەی خێزانیان هەبووە؛ ئەرک و پرسی کۆچبەریمان تاوتوێ کردووە و قسەم لەگەڵ کۆنسووڵ کردووە تاوەکو وەڵامی خێرای داواکارییەکانی یەکگرتنەوەی خێزان، منداڵ و دایک و باوک بدرێتەوە."
 
بادن ڤورتمبێرگ یەکێکە لە شازدە ھەرێمەکەی ئەڵمانیا کە کەوتووەتە باشووری رۆژاوای ئەو وڵاتە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە