بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە مەیدانی ئاژەڵانی میاندواو داخرا

21-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی ڤێتێرنەریی شاری میاندواو لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە، دوو هەفتە مەیدانی ئاژەڵان دادەخرێت.
 
مەهدی فەتاحی، بەرپرسی ڤێتێرنەری شاری میاندواو رۆژی سێشەممە 21-10-2025 رایگەیاند، نەخۆشیی تەبەق لە نێو ئاژەڵانی ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە، بۆیە بڕیاریان داوە لانیکەم بۆ ماوەی دوو هەفتە هەموو مەیدانەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ لە سنووریی شارەکە دابخرێن.
 
بە گوتەی بەرپرسی ڤێتێرنەری شاری میاندواو، بەپێی بڕیارەکە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی زیاتری نەخۆشیی تەبەق، بازارەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ لە بارۆق، شیناباد و گۆکتەپە دادەخرێن.
 
مەهدی فەتاحی گوتی: "لەگەڵ داخستنی مەیدانەکان، هەڵمەتی کوتانی ئاژەڵان و رشاندنی شوێنی مانەوەی ئاژەڵان دەستپێدەکات."
 
مەهدی فەتاحی داوای لە ئاژەڵداران کرد، خۆیان لە گواستنەوەی ئاژەڵ بەدوور بگرن؛ هەروەها داوای لێکردن لە کاتی بینینی هەر نەخۆشییەکی ئاژەڵان، پەیوەندی بە پسپۆڕانی ڤێتێرنەریی بۆکانەوە بکەن.
 
پێشتر لە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، مەیدانی ئاژەڵانی شاری بۆکانیش بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەمان نەخۆشی بۆ ماوەی دوو هەفتە داخرابوو.
 
نەخۆشیی تەبەق تووشی ئەو ئاژەڵانە دەبێت كە دووسمن و كاوێژكەرن. نەخۆشییەکی زۆر باوە لە نێو ئاژەڵدا و زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. تای تووند، برینداربوونی دەم و سم و پێیەکانی ئاژەڵ، هەروەها کەفکردنی دەمی ئاژەڵ لە نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەن.
 
دوو شوێنی سەرەكیی ئاژەڵەكە تووشی ئەم پەتایە دەبن؛ نێو دەمی کە لیكێكی زۆر بە دەمیدا دێتە خوارەوە و دواتر دەبێتە بڵقی گەورە و ئازاربەخش، کە وای لێدەكات نەتوانێت بلەوەڕێت، لەگەڵیشیدا تووشی شەلی دەبێت و ناتوانێت بڕوات بەڕێدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.