رووداو دیجیتاڵ
لە عەلوەیەکی سەوزە و میوەی شاری سلێمانی دوو کەس دەبێتە شەڕیان و یەکێکان ئەوی دیکە دەکوژێت. پۆلیس دەڵێت: "هەردوو کەسەکە هاوڕێی یەک بوون".
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نازانین لەسەر چی بووە بە شەڕیان و یەکێکیان ئەوی دیکەی بە دەڕنەفیز کوشتووە".
بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، کوژراوەکە سەرەتا بە سەختی بریندار کراوە، تاوەکو گەیێندراوەتە فریاکەوتن گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە نزیک کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە عەلوەی هوانە لە شاری سلێمانی روویداوە. گوتەبێژی پۆلیس گوتی: "بکوژ ناسراوەتەوە، بەڵام هێشتا دەستگیر نەکراوە".
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەردوو کەسەکە کە بووە بە شەڕیان شۆفێرن و خەڵکی کەلارن، بەڵام رووداوەکە لە عەلوەی هوانە بووە لە سلێمانی".
ئەو کەسەی کوژراوە ناوی هێرش محەممەد کەریمە، دانیشتووی شاری کەلارە و لە بیستەکانی تەمەنیدایە؛ ئەمڕۆ لە شاری کەلار پرسەی بۆ دادەنرێت.
پۆلیسی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ